رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، رێژەی تاوان لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و هاتنی وەبەرهێنەرانی بیانی و کۆمپانیا گەورەکان بۆ وڵاتەکە، بەڵگەی سەقامگیریی دۆخی ئەمنین، هاوکات لەبارەی ڤیدیۆیەک کە گوایە داعش بە ئازادی لە تارمییە دەسوڕێنەوە، رەتیکردەوە و دەڵێت، "تارمییەی ئەمڕۆ، تارمییەی 2025ـە".
عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 8ی تشرینی دووەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"ئەمڕۆ لە کاری مەیدانی و هەڵکوتانە سەر شوێنەکانەوە، تا رادەیەکی دیاریکراو گواستوومانەتەوە بۆ کاری هەواڵگری، کە پشت بە زانیاری و داتا و ژمارە و راستییەکان دەبەستێت."
بە گوتەی بەهادلی، وەزارەتەکەیان لیستی ناوی داواکراوانیان لایە و پشت بە تەکنەلۆژیای نوێ، کامێرای چاودێری و شیکاری دەبەستێت بۆ ئەوەی هەمیشە "هەنگاوێک لەپێش تاوانەوە بن."
سەبارەت بە دەنگۆی گەڕانی ئازادانەی چەکدارانی داعش لە قەزای تارمییەی باکووری بەغدا، عەباس بەهادلی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، "پێموایە ئەم بابەتە زیادەڕۆیی تێدا کراوە و هیچ بنەما و راستییەکی تێدا نییە... تارمییەی ئەمڕۆ، تارمییەی 2003 و 2014 نییە. تارمییەی ئەمڕۆ، تارمییەی 2025ـە."
قەزای تارمییە، دەکەوێتە 40 کیلۆمەتری باکووری بەغدا، پێشتر بنکەی چەکدارانی داعش بووە.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتیشی، "هێزێکی ئەمنی بە تەواوی کۆنترۆڵی تارمییەی کردووە و شەو و رۆژ کاردەکات. وەک نموونەیەک بۆ کاری هێزە ئەمنییەکان، باسی لە دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی کوشتنی سەفا مشهدانی کرد لە ماوەی 24 کاژێردا و گوتی، "ئەمڕۆ تارمییە یەکێکە لەو ناوچانەی سەقامگیریی ئەمنی بەخۆیەوە دەبینێت".
عەباس بەهادلی دەڵێت، "پاراستنی دەستکەوتی ئەمنی لە بەدەستهێنانی قورسترە" و گوتی، "قوربانیمان داوە و هەزاران شەهید و بریندارمان داوە... ناکرێت قومار بکەین و لەسەر حیسابی ئەوان و خوێنی پاکی عێراقییەکان سازش بکەین."
بە گوێرەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، تەنیا لە مانگی رابردوو 27 کەس بە تۆمەتی تیرۆر، 14 کەس بە تۆمەتی سەر بە بزووتنەوە ئایینییە تووندڕۆکان، 22 کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ حیزبی بەعس دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ