رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە کە بە گوتەى سەرکردەى یەکێک لە لایەنەکانى هاوپەیمانێتیەکە لەو کۆبوونەوەیەدا "هەنگاوى گرنگ" دەنرێ، بەڵام گوتەبێژى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسای دەڵێ: " ناوى بەربژێرەکە تاوەکو دواى پەسندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردن ئاشکرا ناکرێ."
یەکەم هەنگاوى پێکهێنانى حکومەتى نوێ پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنە لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵییەوە. بە گوێرەی کۆمیسیۆن، "ئەمڕۆ یان سبەى، ئەنجامەکە دەنێرێن بۆ دادگەکە و پێشبینی دەکرێ لەم هەفتەیەدا پەسند بکرێ".
رەحیم عەبوودى، ئەندامى دەستەى گشتى رەوتى حیکمە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "شەوى دووشەممە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەبارەى بەربژێری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە و تێیدا " هەنگاوى گرنگ دەنرێن".
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 17ی تشرینی دووەم دوو لیژنەی پێکهێنا. یەکێکیان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و ئەوی دیکەیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
رەحیم عەبوودى گوتى:" 9 بەربژێر لەبەردەست لیژنەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگی ماون بۆ ئەوەى بڕیار لەبارەى یەکێکیانەوە بدات".
لیستە شیعەکان لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی عێراق 179 کورسییان بەدەستهێنا و گەورەترین فراکسیۆنیان بۆ پێکهێنانی حکومەت پێکهێناوە.
محەممەد بەیاتى، ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتیى رێکخراوى بەدر بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "راوێژى بەردەوام و رۆژانە لەنێوان سەرکردەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەبارەى پرسى بەربژێری سەرۆکوەزیران هەیە و ئەو پرسە پێویستى بە سازانى نیشتمانییە".
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکى لیستى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا دیارترین بەربژێرانی بەردەست چوارچێوەى هاوئاهەنگین بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانى داهاتووى عێراق.
عەقیل فەتلاوى،گوتەبێژى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت:" لە دواى پەسندکردنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵییەوە، ناوى بەربژێری سەرۆکوەزیران ئاشکرا دەکرێ، تەنانەت ئەگەر بەر لە پەسندکردنەش بەربژێرەکە یەکلایی بکرێتەوە."
بەگوێرەی مادەی 54ی دەستووری عێراق، لەدوای پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە، سەرۆککۆمار لە 15 رۆژدا مەرسوومی کۆماری بۆ ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان دەردەکات و تێیدا سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێ، دواتر لە 3 رۆژدا سەرۆککۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێ و ئەویش بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێ.
دەستەى دادوەرى هەڵبژاردن 7ى کانوونى یەکەم ئەنجامى سەرجەم تانەکانى لەبارەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقى یەکلاییکردەوە و ئاڕاستەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى کردەوە.
دووشەممە 8ى کانونى یەکەم، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە رووداوى گوتى:" ئەمڕۆ یان سبەى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن بۆ دادگەى باڵاى فیدراڵى دەنێردرێ بەمەبەستى پەسندکردنى و پێشبینی دەکرێ لەم هەفتەیەکدا پەسەندی بکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ