رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەسەڵاتی بەوەکالەتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراق، دەستلەکارکێشانەوە پێشکێشی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و دەڵێت، "بە هۆکاری ئەو گوشارانەیە کە لەسەرووی تواناکانمە".
جیهاد دیوان، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق، رۆژی سێشەممە 09-01-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عیماد عەبدولرەزاق ئەسەدی، سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی بە وەکالەت، رۆژی 07-01-2024 دەستلەکارکێشانەوەی پێشکێش بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، بەڵام تائێستا بە فەرمی وەڵامی دەست لەکارکێشانەوەکەیان بەدەست نەگەیشتووە."
سەبارەت بە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکە، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق گوتی، "نازانم هۆکاری سەرەکی دەستلەکارکێشانەوەکە چییە، بابەتەکە تایبەتە بە سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق."
دەقی نووسراوی دەستلەکارکێشانەوەی عیماد عەبدولڕەزاق ئەسەدی، سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە کە پێشکێشی سەرۆکوەزیرانی عێراق و داوای لێدەکات پەسندی بکات و دەڵێت، "بەهۆی ئەو گوشارانەوەیە کە لەسەرووی تواناکانمە".

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراق، باڵاترین دەسەڵاتی بەرپرسە لە چاودێری ئاسمانی عێراق و مۆڵەتدان بە تیمی فڕۆکەوانی، رێگەدان بە نیشتنەوە و فڕینی فڕۆکە لە فڕۆکەخانەکانی عێراق.
بەم دواییانە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا ئیدارەی فڕۆکەخانەکانی عێراق لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراقی وەربگرێتەوە و بخرێتە سەر کۆمپانیای خزمەتگوزاریی ئاسمانی لە وەزارەتی گواستنەوە، ناوی کۆمپانیاکەش بکرێتە کۆمپانیای گشتیی ئیدارەی فڕۆکەخانەکان و گەشتی ئاسمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ