رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیێنێت، نووری مالیکی تاکە بەربژێری ئەوانە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق و "سوورن لەسەر پاڵپشتیکردنی". دەشڵێت: سەردانەکەی مالیکی بۆ لای سوودانی بۆ دەستبەرداربوون لە پۆست نەبووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-1-2026، عەباس موسەوی، راوێژکاری نووری مالیکی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە لەنێو هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، یەک بەربژێرمان هەیە و رژدین لەسەری، ئەویش بەڕێز نووری مالیکییە."
موسەوی هۆکاری سووربوونیان لەسەر مالیکی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە "بەربژێرێکی راستەقینە و گونجاوە بۆ قۆناخی نوێ، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ لایەنەکان هەیە و تێگەیشتنی بۆ سەرچاوەکانی دەوڵەت هەیە"؛ گوتیشی: "هەوڵدەدەین هاوبەشەکانمان لەم پرسە رازی بکەین."
کۆبوونەوەی مالیکی و سوودانی
سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نووری مالیکی، راوێژکارەکەی مالیکی رەتیکردەوە پرسی بەربژێرکردنی کەسێک بۆ سەرۆکوەزیران تاوتوێ کرابێت و ئەو دەنگۆیانەی بە ناڕاست ناوبرد، کە گوایە رێککەوتن کرابێت.
عەباس موسەوی گوتی: "سەردانەکە پرۆتۆکۆڵی و ئاسایی نێوان سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوو؛ رەوا نییە دوو کەس بەرامبەر یەکدی دانیشن و بڵێن تۆ واز لە پۆستەکە بێنە و من ئەمێنمەوە."
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان (محەممەد شیاع سوودانی) 46 کورسیی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا لیستی دەوڵەتی یاسا (نووری مالیکی) خاوەنی 30 کورسییە.
یەکلاکردنەوەی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران لەلایەن هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە، دەبێت بەر لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بێت، بەوپێیەی سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو، بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ