رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی دەدات، کە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دابینکراوە و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە. ئاشکراشی دەکات، کار بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی 2026 دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-1-2026، موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی محەممەد شیاع سوودانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو داهاتی دراوی بیانی بەردەوام بێت، هیچ مەترسییەک لەسەر دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و شایستەی چاودێریی کۆمەڵایەتی نییە."
سەبارەت بە دۆخی بازاڕی نەوت، راوێژکارەکەی سوودانی گوتی: "بەردەوامیی داهاتی دراوی بیانی نیشانەی ئەوەیە بازاڕەکانی وزە تووشی داڕمانی گشتگیر نابن؛ ئەمەش کەمترین ئاستی داهات مسۆگەر دەکات بۆ بەڕێوەچوونی ئەرکە سەرەکییەکان."
موزهر محەممەد ساڵح باسی لە سیاسەتی نوێی حکومەت کرد و رایگەیاند، بڕیارەکەی ئەم دواییەی ئەنجوومەنی وەزیران "قۆناخێکی نوێیە" لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دارایی کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی کورتهێنانی داراییە بەشێوەیەکی پلەبەندی، بەتایبەتی لە بودجەی ساڵی 2026ـدا.
بەگوتەی راوێژکارەکە، رێکارە نوێیەکان بۆ کاراکردنی ئەو سەرچاوانەی داهاتە کە پشتگوێ خرابوون، بەڵام جەختی کردەوە: "ئەم رێکارانە لەگەڵ پاراستنی سەقامگیریی بژێویی هاووڵاتییان ناکۆک نین، بەڵکو بەشێکن لە چاکسازییەکی فراوانتر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ