وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ رووداو: 20 شوێنی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی لە دەرەوە دەکەینەوە

09-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دەستپێکردنی "هەڵمەتێکی گەورەی نیشتمانی" بۆ دەرکردنی کارتی نیشتمانی بۆ خەڵکی پارێزگای نەینەوا راگەیاند. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێت: تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ نزیکەی 20 شوێنی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی لە دەرەوەی وڵات دەکەنەوە. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 09-02-2025، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە پارێزگاری نەینەوا و فەرماندەی پۆلیسی نەینەوا ئامادەی بوون، گوتی: "هەڵمەتی گەورەی نیشتمانی بۆ دەرکردنی کارتی نیشتمانی بۆ خەڵکی پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ دەستیپێکرد و تاوەکو 30ـی حوزەیرانی داهاتوو بەردەوام دەبێت".
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەکرد، "40 وێستگەی گەڕۆک کاردەکەن لەسەر دەرکردنی کارتی یەکگرتوو لە نەینەوا".
 
عەمید میقداد میری باسی لەوە کرد، "هەڵمەتەکە بە فەرمانبەران لە چەند پارێزگایەکەوە بەهێزکراوە، لە زانکۆی تەکنیکیی باکوور دەستپێدەکات و دواتر زانکۆی موسڵ و ئەوانی دیکە، سەرەڕای قەزا و ناحیەکان بۆ تەواوکردنی دەرکردنی کارتی یەکگرتوو بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی پارێزگاکە لە کاتی دیاریکراودا".
 
لە وەڵامی پرسیاری رەنجە جەمال، پەیامێنری تۆڕی میدیایی رووداو سەبارەت بە چۆنییەتی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ ئەوانەی لە دەرەوە وڵاتن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی، "وەزارەتی ناوخۆی عێراق، تاکە وەزارەتە نووسینگەی بۆ هاووڵاتییەکانی لە دەرەوە عێراق کردووەتەوە. هیچ وڵاتێکی جیهان نووسینگەی لە دەرەوەی نییە بۆ دەرکردنی کارتی نیشتمانی یاخود پاسپۆرت، خەڵکی ئەو وڵاتانە لەنێو وڵاتەکانیان بۆیان دەردێت".
 
عەمید میقداد میری گوتی "دەستمان بە کردنەوەی شەش شوێن کردووە، لە چارەگی ئەم ساڵ تەواودەبن و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵیش دەبێتە 18 بۆ 20 شوێن بۆ دەرکردنی کارتی نیشتمانی. لە هەموو وڵاتان دەبێت، لە وڵاتانی ئەورووپی، ئەفریقی و ئاسیایی". 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە