شاندی هەرێمی کوردستان زانیاری لەبارەی مووچەخۆران و داهاتی نانەوتی دەداتە بەغدا

09-03-2025
ئارێز خالید
دیناری عێراقی لەگەڵ ئاڵای کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
دیناری عێراقی لەگەڵ ئاڵای کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە و بەنیازە بە نووسراو و زارەکی وەڵامی دوو داواکاریی تەیف سامی بداتەوە، کە داوای زانیاریی هەژماریی بانکی مووچەخۆران و داهاتیی نانەوتی کردووە.
 
رووداو لە دوو سەرچاوەی وەزارەتی دارایی و سەرچاوەیەکیش لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە زانیویەتی، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەو هەژمارە بانکییانە بداتە بەغدا، کە لە پرۆسەی هەژماری من کراونەتەوە، پێشتریش ئەمەی بە بەغدا گوتووە، ئامادەن تەنیا ئەو داتایەیان پێبڵێن کە چەند هەژماری بانکییان کردووەتەوە نەک زانیاریی هەژمارە بانکییەکان.
 
سەبارەت بە داهاتی نانەوتی، کە دوایین جار هەرێمی کوردستان زیاتر لە 51 ملیار دیناری لە مانگی یەکدا نارد. رووداو زانیویەتی بەغدا ئەو بڕە بە کەم دەزانێت، دەڵێت چۆن پێشتر 80 ملیار دیناریان ناردووە ئێستا کەمیکردووە، هەرێمی کوردستانیش دەلێت، هەموو ساڵێک لە مانگی 12 و یەک بەهۆی پاکتاوکردنی حیسابەوە داهاتی نانەوتی کەمدەکات.
 
کێشەیەکی دیکەی پەیوەست بە داهاتی نانەوتی ئەوەیە، پێشتر هەردوولا رێککەوتبوون کە هەرێمی کوردستان مانگانە ٪50ـی داهاتی نانەوتی بداتە بەغدا، بەڵام بەغدا تەفسیرێکی جیاوازی بۆ ئەو خاڵە کردووە و دەڵێت، "وانییە دەبێت هەموو داهاتمان بدەنێ و ئێمە ٪50ـتان بۆ دەگەڕێنینەوە"، هەرێمی کوردستانیش بەمە رازی نییە.
 
کێشەیەکی دیکە بۆ مووچەی مانگی دوو دروستبووە کە ئەوەش هۆکار بووە تاوەکو ئێستا مووچە نەیەت، ئەویش ئەوەیە، بەشی وردبینی لە وەزارەتی دارایی عیراق دەڵێت ناوی تازە لە لیستی مووچەدا هەیە و هاوشێوەی لیستی مانگی یەک نییە، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت ئەوانە ناوی تازە نین، بەڵکو ئەو فەرمانبەرانەن کە مۆلەت بوون گەڕاونەتەوە و داخڵی لیستی مووچە کراون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە