رووداو دیجیتاڵ
منداڵێکی ساوا کە چەند کاژێرێک دوای لەدایکبوونی لە نەخۆشخانەیەکی نەجەف رفێندرابوو، دوای نزیکەی 12 کاژێر لە پارێزگای دیوانییە دۆزرایەوە.
ماهیر عەبودی، گوتەبێژی تەندروستیی نەجەف، رۆژی شەممە (9-8-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە نەخۆشخانەی زەهرای فێرکاری لە نەجەف رفێندرا و دوای نزیکەی 12 کاژێر دۆزرایەوە.
گوتەبێژی تەندروستیی نەجەف رەتیکردەوە، ئەو ژنەی منداڵەکەی دزیوە، کارمەندی نەخۆشخانەکە بێت و گوتی: "ئەو ژنە هیچ پەیوەندییەکی بە ستافی نەخۆشخانەی زەهراوە نییە، وەک ئەوەی لە هەندێک تۆڕی کۆمەڵایەتیدا بڵاوکراوەتەوە."
دوای دیارنەمانی منداڵەکە، غەسان عەکایشی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی زەهرا بەدواداچوونی بۆ رووداوەکە کرد و هەموو نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە و پارێزگا دراوسێکانی ئاگادار کردەوە.
دوای چەندین کاژێر، پەیوەندییەک لە مەها حەربی، پزیشکی پسپۆڕ لە نەخۆشخانەی گشتیی شامییە لە پارێزگای دیوانییەوە هەموو شتێکی گۆڕی.
گوتەبێژی تەندروستیی نەجەف گوتی، دکتۆر مەها بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی راگەیاند کە گومانی لە ژنێک کردووە کە منداڵێکی ساوای بۆ تۆمارکردن بردووە، بەڵام "هیچ نیشانەیەکی منداڵبوونی پێوە دیار نەبووە."
گوتەبێژی تەندروستیی نەجەف دەڵێت، زوو بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی زەهرا و کەسوکاری منداڵەکە بەرەو نەخۆشخانەی شامییە بەڕێکەوتوون و منداڵەکەیان وەرگرتووەتەوە.
ژنە تۆمەتبارەکەش رادەستی هێزە ئەمنییەکان کراوە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ