رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر رایگەیاند، سێ بەربژێری سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق لە بەردەست هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ماونەتەوە، بۆ ئەوەی یەکێکیان دیاری بکات و دواتر دەست بە دانوستاندن لەگەڵ کورد و سوننە بۆ پێکهێنانی حکومەت بکات.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شەوی 8ی کانوونی یەکەمی 2025 کۆبوونەوە و رایانگەیاند، "کۆبوونەوەکە پێشوەچوونی گرنگی بەخۆوە بینیوە لە گفتوگۆی دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی نوێ."
سێشەممە 9ی کانوونی یەکەمی 2025 سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ژمارەی بەربژێرانی سەرۆکوەزیران بۆ سێ کەس کەم بووەتەوە.
سەلام زوبەیدی باسی لەوەش کرد، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر یەکێکە لەو سێ بەربژێرە، بەڵام ئامادە نەبوو ناوی دوو بەربژێرەکەى دیکە بهێنێت.
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە 17ی تشرینی دووەم دوو لیژنەی پێکهێنا. یەکێکیان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو و ئەوی دیکەیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر گوتی: "دوای یەکلاییکردنەوەی ناوی بەربژێرەکە وراگەیاندنی، دانوستاندن لەگەڵ کورد و سوننە دەکرێت."
لیستە شیعەکان لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی پەرلەمانی عێراق 179 کورسییان بەدەستهێنا و گەورەترین فراکسیۆنیان بۆ پێکهێنانی حکومەت پێکهێناوە.
8ی کانوونی دووەم، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی نارد بەمەبەستی پەسندکردنی.
بەگوێرەی مادەی 54ی دەستووری عێراق، لەدوای پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە، سەرۆککۆمار لە 15 رۆژدا مەرسوومی کۆماری بۆ یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان دەردەکات و تێیدا سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێ، دواتر لە 3 رۆژدا سەرۆککۆماری نوێ هەڵدەبژێردرێ و ئەویش بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ