چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە زۆرینەی دەنگ مالیکی بۆ سەرۆکوەزیران بەربژێر کرد

10-01-2026
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و نووسینگەی نووری مالیکی دەستی کەوتووە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەربژێر کردووە.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، لە پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆکوەزیران، گەیشتوونەتە هەنگاوی پێشکەوتوو و پەرەسەندنی گرنگ هاتووەتە ئاراوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کۆبوونەوەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەکە ئەمڕۆ شەممە، لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی بەڕێوەچووە: "تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بەردەوامبوون لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و یەکلاکردنەوەی ناوی سەرۆکوەزیران، وەک بەشێک لە شایستە دەستوورییەکانی قۆناخی داهاتوو."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە لە "کەشێکی ئەرێنی"دا بەڕێوەچووە و تێیدا "گفتوگۆی بەرپرسانە" کراوە، کە دەرەنجامەکەی پەرەسەندنی گرنگ و ئاماژەی بەرەوپێشچوون بووە، بە شێوەیەک لەگەڵ پێویستییەکانی سەقامگیریی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراقدا بگونجێت.
 
یاسر تەڵاڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی نووسینگەی نووری مالیکی بە رووداوی گوت، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەربژێر کردووە."
 
سەرچاوەیەک لە نێو کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئەمشەودا، زۆرینەی ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتگیرییان لە بەربژێرکردنی نووری مالیکی کردووە."
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، "یەکلاییکردنەوەی بابەتەکە دەکەوێتە سەر رەزامەندیی مەرجەعیەتی باڵا و دۆخی نێودەوڵەتی."
 
هاوکات، فەهد جبووری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمە بە رووداوی گوت، "سوودانی سازشی بۆ نووری مالیکی کردووە بۆ بەربژێرکردنی."
 
نووری مالیکی کێیە؟
 
- ناوی تەواو: نووری کامل محەممەد حەسەن مالیکی.
- ساڵی لەدایکبوون: 1950 (قەزای هیندییە لە پارێزگای بابل)
- خوێندن: ماستەر لە ئەدەبی عەرەبی.
 
ژیانی سیاسی:
 
- لە ساڵی 1970 پەیوەندی بە حزبی دەعوەی ئیسلامی کردووە.
- لە ساڵی 1979 بەهۆی راوەدوونانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە، عێراقی بەجێهێشت و چوو بۆ ئێران و دواتر بۆ سووریا، لەوێ وەک سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆن دژی سەدام حوسێن کاری دەکرد.
 
پلە و پۆستەکان:
 
- بۆ ماوەی دوو خول لە نێوان ساڵانی 2006 تاوەکو 2014 سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.
- ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوە: ئێستا سەرکردایەتی ئەو حزبە دەکات.
- سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: یەکێکە لە کوتلە گەورەکانی پەرلەمانی عێراق.
- جێگری سەرۆککۆمار: لە ساڵی 2014 بۆ 2018 ئەم پۆستەی هەبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە