نێوەڕۆکی ئەو بڕگەیەی مادەی 14 کە گرژی لەسەر دروستبوو

11-06-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دیلان غەفوور، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق نێوەڕۆکی ئەو بڕگەیەی مادەی 14ـی بۆ رووداو ئاشکراکرد کە کێشەی لەسەر دروستبووە و بەهۆیەوە کۆبوونەوەی پەرلەمان راگیراوە. 
 
بەپێی ئەوەی دیلان غەفوور ئاشکرای کرد، لە بڕگەکەدا هاتووە: حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی ئەولەویەت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، هەروەها خەرجکردنی شایستەی وەبەرهێنانی پارێزگاکان بەپێی بنەماکانی ئەم یاسایە، بەپێچەوانەی ئەوە، لەسەر سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵە رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی، لەنێویاندا "تەمویلکردن" واتە پارە راستەوخۆ بداتە پارێزگاکان.
 
دوای دەنگدان بە مادەی 14 کە ئەو بڕگەی پێدانی پارەی راستەوخۆ بە پارێزگاکان لە خۆدەگرێت، کێشە لە پەرلەمان دروستبوو و پارتی ناڕازییە. فراکسیۆنی پارتی کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد.
 
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەبارەی هەمان بڕگە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بڕگەیەک کە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە بوو، ئەگەر کێشەیەک دروست بوو لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆی زۆری لەسەرکرا و بە رێککەوتن تێپەڕێندرا. 
 
لەبارەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران لە سەرجەم پارێزگاکان، هەرێم کەمال ئاغا رایگەیاند، ئەگەر نایەکسانی لەنێوان پارێزگاکان هەبوو بەشێوەیەک مووچەخۆر ببێتە قوربانیی کێشە سیاسییەکان، "حکومەتی فیدراڵ گرەنتیی ئەوە دەکات، بەتایبەتیی سەرۆکی حکومەت کە [مووچە بنێردرێت] کە ئەوەش نیمچە رێککەوتنێکی لەسەر بووە. ئەوەش گرەنتییەکە لەپێناو مووچەخۆران لە هەموو پارێزگاکان."
 
لەبارەی دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران و پێشنیازی نوێ لەو بارەیەوە کە فراکسیۆنی پارتی خستبوویەڕوو بۆ گێڕانەوەی 12٪ـی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران بە هاوبەشیی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، عومەر کۆچەر، پەرلەمانتاری یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، بابەتی پەیوەست بە پاشەکەوتی مووچە هەر نەخوێندرایەوە. گوتیشی، "مادەی 14 گەلێک شتی خراپی تێدایە."
 
لەلایەکی دیکەوە، یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "بەداخەوە دانەوەی پاشەکەوتی مووچە لابرا، بەڵام دووبارە هەوڵی دانانەوەی دەدرێت بۆ ئەوەی دەنگی لەسەربدرێت."
 
سیپان شێروانی، پەرلەمانتاری پارتی بە رووداوی گوت، یەکێتی بە هاوکاری لەگەڵ شیعەکان بڕگەی 8ی لە مادەی 14 پەسند کرد کە تایبەتە بەوەی بەغدا مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات لەوەی ئەگەر شایستە داراییەکانیان دواکەوت. گوتیشی، "زۆر هەوڵماندا رێگری لێ بکرێت، یەکێتی هەستا بە قوربانیدان بە پاشەکەوتی مووچە" و لە بەرامبەر ئەوەدا تێپەڕاندنی پاشەکەوتی مووچە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە