رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای واست کێشەی نەبوونی سایلۆی پێویستی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران هەیە. بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگاکە، دوو سایلۆی کۆن لە واست هەن، کە توانای وەرگرتنی چارەکێکی بەرهەمی گەنمی جووتیارانیان نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ی تەممووزی 2025، ئەرکان مەریوش، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای واست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ زیاتر لە 700 هەزار تۆن بوو، بەڵام جووتیارانی پارێزگاکەمان ساڵانە رووبەڕووی کێشەی نەبوونی سایلۆی پێویست دەبنەوە."
ئەرکان مەریوش دەڵێت، "لە واست تەنیا دوو سایلۆ هەن، کە لە کووت و سوێرەن و تەمەنیان زیاتر لە 60 ساڵە و زۆر کۆن بوون؛ بە هەردوو سایلۆکەشەوە توانای وەرگرتنی تەنیا 60 هەزار تۆن گەنمیان هەیە."
جگە لە سایلۆکان، لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی واست، 8 گۆڕەپانی کراوەی وەرگرتنی گەنم هەیە، کە وەک بەڕێوەبەری کشتوکاڵ ئاماژەی پێدەکات، "ئەو گۆڕەپانانە تەنیا دەتوانن بڕێکی دیاریکراو گەنم وەربگرن و لە هیچ روویەکیشەوە ئەو گۆڕەپانانە بە سایلۆ بەراورد ناکرێن، چونکە شوێنێکی کاتییە و پارێزراو نییە، نابێت ماوەیەکی زۆر گەنمیان تێدا بمێنێتەوە."
ئەرکان مەریوش گوتی، "هێشتا بەشێکی گەنمی پاری جووتیاران لەو گۆڕەپانانە ماونەتەوە، کە زۆرینەیان تێکچوون و بەکەڵکی بەکارهێنان نەماون."
بۆ ساڵى 2025، 5 ملیۆن و 100 هەزار دۆنم زەوى لە سەرانسەرى عێراق لەنێو پلانى کشتوکاڵ بوو بۆ چاندنى گەنم، ئەمەش نیوەی ئەو رووبەرەیە کە پار رێگەی پێدرابوو.
ئەم ساڵ لە واست 750 هەزار دۆنم بە گەنم و جۆ چێنراون، بە گوتەی مەریووش، "لەو رووبەرە 400 هەزار دۆنم لە نێو پلانی کشتوکاڵیی حکومەتدا بووە، پشکی وەرگرتنی گەنمیش 600 هەزار تۆنە."
بە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق، ئەو گەنمەى بە شێوازى نوێى ئاودێرى بەرهەم هێندرابێت، هەر تۆنێکى بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت، ئەگەر بە شێوازى کۆن ئاودرابێت هەر تۆنێکى بە 800 هەزار دینار وەردەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ