کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی نەینەوا بۆ رووداو: هەموو لیستەکان پێشێلکارییان کردووە

10-10-2025
هێمن عەساف
شاری موسڵ لە پارێزگای نەینەوا. وێنە: رووداو
شاری موسڵ لە پارێزگای نەینەوا. وێنە: رووداو
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرجەم لیستەکان لەم شارە پێشێلکاریی زەقیان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا کردووە. دەشڵێت، بەربژێری ژن هەبووە، وێنەی لەسەربانی مزگەوت هەڵواسیوە. 
 
سوفیان مەشهەدانی، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە نەینەوا، میوانی بوڵتەنی کاژێر 09:00ـی رووداو بوو. لەگەڵ دڵدار هەرکی، گفتوگۆی لەبارەی دۆخی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد لە نەینەوا. 
 
سوفیان مەشهەدانی بە رووداوی راگەیاند، بەربژێرەکان زوو دەستیان بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ناوی شاری موسڵ و  قەزاکان کرد، پێش ئەوەی کۆمیسیۆن ناوی بەربژێرەکان پەسند بکات.
 
باسی لەوەشکرد، هەڵمەتەکان بە هەڕەمەکی و ناڕێکی لە نەینەوا دەستیپێکرد. دوای ئەوەی کۆمیسیۆن شەوی 2/3ـی تشرینی یەکەم ناوی بەربژێرە پەسندکراوەکانی راگەیاند، دەست بە هەڵواسین و دانانی وێنەی بەربژێر و لیستەکان کرا و لە کاژێرە یەکەمەکانی هەڵمەتەکەدا دەست بە پێشێلکارییەکان کرا.
 
راشیگەیاند، نووسینگەی نەینەوای کۆمیسیۆن لیژنەی دەستنیشانکردنی پێشێلکارییەکانی هەیە و هاوکات لیژنەی پاڵپشتیکاریشیان هەیە لە بنکەی تۆمارکردن و لە 140 خاڵی جیاوازدا کار دەکەن. یەکێک لە ئەرکی ئەم لیژنانە، دەستنیشانکردنی پێشێلکارییەکانە. گوتی: "راپۆرت بۆ بەغدا بەرز دەکەینەوە و لەبارەی پێشێلکارییەکان زانیارییان پێدەدەین. ئەوانیش ئاگاداریان دەکەنەوە بۆ لابردنی پێشێلکارییەکان، ئەگینا رووبەڕووی سزا دەبنەوە. هاوکات شارەوانیی موسڵ هاوکارمانن لە لابردنی ئەو پێشێلکارییانەی بەربژێرەکان دەیکەن."   
 
مەشهەدانی رایگەیاند، "دەیان پێشێلکاری تۆمارکراوە. تاوەکو ئێستا سێ راپۆرتمان بۆ لیژنەی ناوەندیی کۆمیسیۆن لە بەغدا بەرزکردووەتەوە. لە هەر راپۆرتێک 20-30 پێشێلکاری لە دژی رێنمایی ژمارە 4ـی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمارکراوە. بڕی سزاکانی پێبژاردنیش لە 2 ملیۆن دینار دەستپێدەکات تا 10 ملیار دینار."  
 
جەختیکردەوە سەرجەم لیستەکان، پێچەوانەی رێنماییەکان کاریان کردووە و هەموویان پێشێلکارییان کردووە. هەر لە لیستەکەی سەرۆکوەزیران بگرە تا دوایین لیست پێشێلکارییان هەبووە. رێنماییەکان پێداگرە لەوەی نابێ بانگەشەی هەڵبژاردن لە نزیک بنکەکانی دەنگدان، شۆستەکان، پێچەکان، شۆڵدەرەکان، مزگەوتەکان و دامەزراوە فەرمییەکان بکرێت. 
 
گوتیشی: "بەربژێری ژن هەبووە، وێنەی لەسەربانی مزگەوت هەڵواسیوە، ئەمە پێشێلکارییەکی زەق و گەورەیە. بەربژێرە پێشێلکارەکان ئاگادارکراونەتەوە بە لابردنی وێنەکانیان لە شوێنە قەدەخەکاندا. بەشێکیان پابەندبوون و بەشێکیان سوورن لە پێشێلکارییەکانیان. ئەوەی پێشێلکاریی دەکات جاری یەکەم سزای پێبژاردنی بەسەردا دەسەپێندرێت و لە ئەگەری دووبارەکردنەوەشی، بڕی سزاکە دوو هێندە دەکرێت. تەنانەت کار دەگاتە ئەو ئاستەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بەپێی رێنماییەکان دەتوانن سزای زۆر قورسی بدەن." 
 
سەبارەت بەوەی چەند بەربژێر تاوەکو ئێستا سزا دراون، سوفیان مەشهەدانی بە رووداوی راگەیاند، دەیان بەربژێر لە نەینەوا بە بڕی دوو ملیۆن دینار سزای پێبژاردنیان بەسەردا سەپێندراوە. تاوەکو ئێستا بەربژێرەکانی نەینەوا بە پێبژاردن سزا دراون. بەڵام ئەگەر پێشێلکارییەکان بەردەوام بن و پابەندی رێنماییەکان نەبن، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەسەڵاتی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ دوورخستنەوە و بێبەشکردنیان لە هەڵبژاردن. 
 
سەبارەت بەو لیست و حیزبانەی کە لە دەرەوەی نەینەوان و دەیانەوێت دەنگ لەم شارە بەدەست بهێنن، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمسیۆن لەم شارە رایگەیاند، یاسا لاری نییە هەر کەسێک خۆی لە کوێ بەربژێر بکات. بۆ نەینەوا سەرۆک لیستەکان هاتوون و چالاکییان کردووە، بەڵام بەربژێرەکان و بەشداربووان خەڵکی نەینەوان. ئامانج لە کاری لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەیە خەڵکی بە شێوەیەکی فراوانتر و رێژەی زیاتر بەشداری پرۆسەکە بکەن. 
 
گوتی: "زیاتر لە حەوت لیست بەربژێریان لە نەینەوا هەیە. زۆربەی بەربژێرەکان مامۆستای زانکۆ، کەسایەتیی ئەکادیمی، ئەندازیاران و گەنجانی نەینەوان. هەمووان پرۆژەی دیاریکراویان راگەیاندووە بۆ خزمەتکردنی نەینەوا و پلانی جیاوازیان هەیە بۆ باشترکردنی دۆخی نەینەوا. زۆربەی بەربژێرەکانیش گەنجانی نەینەوان."    

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە