رووداو دیجیتاڵ
هیچ لایەن و لیستێک بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەڵەبجەی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەربژێر نەکردووە، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەڵەبجە دەڵێت، رەنگە لە داهاتوودا بیر لە بەربژێرکردنی بەرکەوتەیەکی چەکی کیمیایی بکەینەوە بەڵام بە سەربەخۆ.
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەڵەبجە رۆژی یەکشەممە 12ـی تشرینی یەکەم 2025 بە رووداوی راگەیاند: "لەم هەڵبژاردنەدا هیچ کام لە پارتە سیاسییەکان بەرکەوتەی چەکی کیمیایی بەربژێر نەکردووە تاوەکو بە کرداری نوێنەرایەتی قوربانییان بکات".
لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردن بۆ پێنج خولی پەرلەمانی عێراق کراوە، بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵیش هەڵبژاردنی خولی شەشەم بەڕێوەبچێت، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەڵەبجە دەڵێ: "ئەو بەربژێرانەی خۆیان وەکو برینداری چەکی کیمیایی هەڵەبجە دەناسێنن هیچ کەسێکیان بە کرداری بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەڵەبجە نین، چونکە بەرکەوتە ئەو کەسانەن کە تائێستاش بە دەست ئازاری ئەو چەکەوە دەناڵێنن".
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان ماف دەداتە خەڵك سەربەخۆ خۆیان بەربژێر بکەن. سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانییانی بەرکەوتەی چەکی کیمیایی هەڵەبجە دەڵێ: "رەنگە لە داهاتوودا بیر لە بەربژێرکردنی بەرکەوتەیەکی چەکی کیمیایی بکەین بە شێوەی سەربەخۆ، دڵنیاین ئەگەر بەرکەوتەیەک بچێتە پەرلەمان دەتوانێت باشتر خەم و ئازاری هەڵەبجەییەکان و بەرکەوتووانی چەکی کیمایی بگەیەنێت و کارییان بۆ بکات".
بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە، 808 بەرکەوتەی چەکی کیمیایی لە ژیاندا ماون، 164 کەسیان لەبەر کاریگەریی چەکەکە گیانیان لەدەستداوە کە پێشتر وەکو بریندار تۆمارکرابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ