ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی دامەزراندنی 8000 یەکەم و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا: بە خاڵبەندی دەبێت

10-11-2025
گەشاو خالید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق دەڵێت، دامەزراندنی 8000 یەکەمی زانکۆ و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا لەسەر بنەمای خاڵبەندی دەبێت. زیاتر لە 40 هەزار کەس لە هەموو عێراق داواکاری دامەزراندنیان پێشکەش کردووە.
 
سەعد لامی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دامەزراندنەکە پشت بە خاڵبەندی دەبەستێت."
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵیی عێراق گوتیشی، "چاوەڕێی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانین بۆ دەستپێکردن و راگەیاندنی فۆرمی دامەزراندنی ئەلیکترۆنی."
 
بەپێی دەستووری عێراق، حکومەتی ئێستا کاربەڕێکەرە.
 
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رۆژی یەکشەممە،9ی تشرینی دووەمی 2025، رێکار و ماوە دەستوورییەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی روونکردەوە و رایگەیاند، "پێشبینی دەکرێ پرۆسەکە لەدوای هەڵبژاردنەوە نزیکەی چوار مانگ بخایەنێت."
 
کۆدی دامەزراندن لە رێگەی کورتەنامە و ئیمەیڵەوە بۆ ئەو کەسانە نێردراوە کە مەرجەکانیان تێدایە. بەپێی راگەیاندنی راژەی فیدراڵی، نامە و کۆدەکە قۆناخ بە قۆناخ بە داواکارانی دامەزراندن دەگات.
 
دامەزراندنەکە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. 
 
بەپێی یاسای 59ـی ساڵی 2017ـی عێراق، هەڵگری بڕوانامەکانی ماستەر، دکتۆرا و دیبلۆمی باڵا لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەپێی شوێنی نێشتەجێبوونیان دادەمەزرێن.
 
ساڵی2024 ئەنجوومەنی راژەی فیدراڵی دامەزراندنی 67,236 کەسی لە هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و سێ یەکەمەکانی زانکۆکان پەسند کرد و بە دوو قۆناخ دامەزران. قۆناخی یەکەم 43,304 کەس و قۆناخی دووەم 23,932 کەس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک چەکداری حیزبوڵڵا.

ناوى حیزبوڵڵا و حوسییەکان بە 'هەڵە' بۆ بلۆککردنى پارەکانیان نێردراوە و 'لە دەرەوە بۆ عێراق هاتووە'

"لیستەکە بەبێ پاککردنەوە بڵاوکراوەتەوە"، ئەوە پاساوی بانکی ناوەندیی عێراق بوو بۆ کەمکردنەوەى ئەو گرژییەى بەهۆی ناوهێنانی حیزبوڵڵای لوبنانی و ئەنساروڵڵای حوسییەکانی یەمەن وەک تۆمەتبار بە تیرۆر دروست بوون، هەرچەند بڵاوکردنەوەی ئەو ناوانە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی 18 رۆژی بەسەردا تێپەڕیبوو.