رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوە نیشتمانییەکان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراق راپۆرتی ئاماری پێشێلکارییەکانی ماوەی دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، زیاتر لە سێ هەزار پێشێلکاری تۆمارکراون.
هاوپەیمانییەکە رایگەیاندووە، دوو هەزار و 250 چاودێری جێگیر و 30 تیمی گەڕۆک بەشدارییان لە کۆکردنەوەی ئاماری پێشێلکارییەکان کردووە، 8 هەزار و 347 فۆرمی چاودێری لە سەرتاسەری عێراقدا کۆکراونەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سەرپێچییەکان 35٪یان کێشەی تەکنیکی، 25٪یان دواکەوتنی پڕۆسەی دەنگدان، 20٪یان کێشەی ئەمنی، 15٪یان سەرپێچی رێکاری و 5٪یان کێشەی لۆجیستی بوون.
دیارترین جۆری پێشێلکارییەکان بەپێی راپۆرتەکە:
پێشێلکارییە رێکخراوەیی و تەکنیکییەکان :
- درەنگ کردنەوەی بەشێکی وێستگەکانی دەنگدان.
- لەکارکەوتنی هەندێک ئامێری لێکۆڵینەوە و ناردنی ئەلیکترۆنی.
- ئامادەنەبوونی تیمی هەڵبژاردن لە دیالە و نەجەف.
ئەو پێشێلکارییانەی کاریگەرییان لەسەر پاکی دەنگدان هەبووە:
- دەنگدان بەبێ ناسنامەی فەرمی لە بەغدا و نەینەوا.
- دەنگدانی بەکۆمەڵ و بردنەژوورەوەی مۆبایل لە موسەننا و بەغدا.
- بوونی جیاوازی لە نێوان ئەنجامە ئەلیکترۆنی و بەدەست ژمێردراوەکان لە هەولێر و بابل.
پێشێلکارییەکانی مافی دەنگدەران:
- رێگریکردن لە هاوکاری کردنی خاوەن پێداویستی تایبەت لە نەجەف و موسەننا.
- رێگریکردن بەهۆکاری بوونی کێشە لە پەنجەمۆر و وێنە لە نەینەوا و بەغدا.
دەستوەردانە سیاسی و ئەمنییەکان
- دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان لە ئەنبار و بەغدا.
- گوشار خستنەسەر بریکاری حیزبەکان لە نەینەوا و سلێمانی.
- تۆمارکردنی هەڕەشەکردن و هەراسانکردن لە چەند بنکەیەکدا.
سێ هەزار و 273 رووداو و پێشێلکاریی هەمەجۆر تۆمارکراون، دیارترین ئەو پێشێلکارییانەش کە تۆمارکراون بریتیین لە:
- 40 جار بەبێ بوونی ناسنامەی دووەم دەنگدراوە
- 92 جار دەنگدانی بەکۆمەڵ روویداوە
- 89 پێشێلکاری لەبوونی کەسانی رێگەپێنەدراو لە نێو وێستگەکاندا تۆماکراوە
- 68 ناڕەزایەتیی دەربڕین تۆمارکراوە لە ئەنجامە راگەیێندراوەکان
- بردنی مۆبایل بۆ نێو وێستگەکانی دەنگدان و وێنەگرتنی کارتی دەنگدان
دیارترین پێشێلکارییە ئەمنی و کردەییەکان بریتیین لە، 86 سەرپێچی رێگری لە بریکاری لایەنە سیاسییەکان، 89 سەرپێچی رێگری لە ئامادەبوونی چاودێران لەکاتی کردنەوەی بنکەکان و 28 هەڕەشە و هەراسانکردن، هەروەها 89 رووداو سنوورداریی جووڵە و مافی چاودێران و 23 جاریش رێگریکردن لە چوونە ناوەوەی دەنگدەران تۆمارکراون.
دیارترین پێشێکارییە تەکنیکییەکان بەپێی راپۆرتەکە بەشێوەیەک بووە 108 جار درەنگکردنەوەی وێستگەکان تۆمارکراوە، هەروەها 61 پێشێلکاری هەبوو لەرووی جێبەجێنەکردنی رێکارەکانی داخستنی سندووقەکان، لەگەڵ ئەوانەش 65 جار نەناردنی ئەنجامەکان روویداوە و 115 جاریش درەنگکەوتن یان سەرکەوتوونەبوونی چاپکردنی شریتی ئەنجامەکان تۆمارکراوە.
رۆژی یەکشەممە، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو. بەگوێرەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، تێکڕاى رێژەى بەشدارى لە دەنگدانى تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان 82.42% بوو، دهۆک بە 98.19% یەکەم و سلێمانى بە 98.16% دووەم بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ