بەهۆی بارانەوە، خوێندن لە شەش پارێزگای عێراق کرایە پشوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شەش پارێزگای عێراق رۆژی پێنجشەممەیان کردە پشوو، هەندێکیان بڕیارى پشووەکانیان تەنیا بۆ قوتابخانەکان  و هەندێکى دیکەیان بۆ سەرجەم فەرمانگەکانە، ئەوەش بەهۆی پێشبینیی بارانبارین و خراپیی کەشوهەواوە.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار لە راگەیێنراوێکدا بڕیاری دا، کە پێنجشەممە 11ى  کانونى دووەم بکرێتە پشوو لە قوتابخانەکان و ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو بڕیارە بەهۆی خراپیی کەشوهەوایە لە پارێزگاکە و لەپێناو سەلامەتیی ژیانی قوتابیان و مامۆستایان بووە.
 
نووسینگەی رۆژنامەوانیی پارێزگاری سەلاحەدین لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە رۆژی پێنجشەممە دەوامی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە دەکرێتە پشوو.
 
لە راگەیێنراوەکەدا هاتووە: "بەدر فەحل، پارێزگاری سەلاحەدین راپۆرتی دۆخی کەشوهەوا و پێشبینى پێگەیشتووە لەبارەی شەپۆلی بارانبارین و تەم و لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاری پشووەکەی داوە.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەف یەکێکی دیکە بوو لەو پارێزگایانەی کە پشووی دەوامی قوتابخانەکانی بۆ رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند. ئەو ئەنجوومەنە لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەو بڕیارە بەهۆی کاریگەریی بارانەوەیە.
 
پارێزگای میسان هەمان بڕیاری پارێزگاکانی دیکەی دا و جگە لە قوتابخانەکان پشووی رۆژی پێنجشەممە فەرمانگەکانی دیکەشی گرتەوە. ئەو پارێزگایە لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت: "بڕیارەکە بەهۆی بارانەوە بووە". 
 
پارێزگای دیوانیە لە پێشەنگی ئەو پارێزگایانە بوو، کە پشووی بۆ سەرجەم فەرمانبەران بۆ رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند. هەروەها پارێزگای واست لەبەر هەمان هۆکار سبەی کردە پشوو لە فەرمانگەکانی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە