رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر یەکلاکردنەوەی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دابەشبووە؛ لەکاتێکدا دەوڵەتی یاسا جەخت لەوە دەکاتەوە کە نووری مالیکی یەکلایی بووەتەوە و محەممەد شیاع سوودانی پاشەکشەی کردووە، بەرپرسێکی رەوتەکەی سوودانی بە رووداوی راگەیاند، سوودانی ئامادەیی دەربڕیوە پشتیوانی لە مالیکی بکات، بەڵام لە بەربژێربوون نەکشاوەتەوە.
عارف حەمامی، پەرلەمانتاری خولی رابردووی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا و ئەندامی حیزبی دەعوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 11-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی نووری مالیکی بۆ بەربژێربوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکلاکردەوە."
بە گوتەی حەمامی، ماوەیەکە کار لەسەر بەربژێربوونی مالیکی دەکرێت و "قسە لەگەڵ لایەنی کوردی و سوننەکان کراوە و تەنانەت رای هەرێمی و نێودەوڵەتیشی بۆ وەرگیراوە."
هاوکات یاسر تەڵاڵ، بەڕێوەبەری راگەیاندنی نووسینگەی نووری مالیکی بە رووداوی گوت، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەربژێر کردووە."
ئەمە لەکاتێکدایە بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لایەنە سەرەکییەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆچوونی جیاوازیان هەیە؛ محەممەد شیاع سوودانی و نووری مالیکی لە یەکدی نزیکبوونەتەوە، لە بەرامبەردا عەمار حەکیم و قەیس خەزعەلی لە بەرەیەکدان و هادی عامریش لە ناوەڕاستی ئەو دوو بەرەیە ماوەتەوە.
لەبارەی هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی ئێستا، روقیە رەحیم نووری، ئەندامی ئەمینداریێتیی بزووتنەوەی فوراتەین (بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی)، ئەمڕۆ یەکشەممە بە رووداوی راگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لە کشانەوەی سوودانی دەکەن "ورد نین".
روقیە نووری گوتی: "سوودانی ئامادەیی نیشانداوە پشتگیری لە بەربژێربوونی نووری مالیکی بکات، ئەمەش لەپێناو بەدیهێنانی سازان، بەڵام سەرجەم مافە سیاسی و دەستوورییەکانی خۆی بۆ بەربژێربوون پاراستووە."
ئەو بەرپرسەی بزووتنەوەی فوراتەین ئەوەشی خستەڕوو، هێشتا گفتوگۆکان نەگەیشتوونەتە قۆناخی یەکلاکردنەوەی کۆتایی و گوتی: "ئەوەی ئێستا روودەدات کشانەوە نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنێکی هێمن و ژیرانەی دیمەنە سیاسییەکەیە."
لەلایەکی دیکەوە حەیدەر بەرزنجی، شرۆڤەکاری سیاسیی نزیک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رووداو رەتیکردەوە چوارچێوەکە بەربژێربوونی مالیکی یەکلاکردبێتەوە و گوتی: "ئەوەی هەیە سوودانی سازشی لە بەربژێربوونی کردووە لە بەرژەوەندیی نووری مالیکی، بەڵام بەرپرسانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتوویانە دەبێت بۆچوونی مەرجەعیەت و لایەنە نێوخۆییەکان وەربگیرێت، ئەوسا بڕیاری کۆتایی دەدەن."
بە بڕوای بەرزنجی، سەدر ئەستەمە بە بەربژێربوونی مالیکی رازی بێت، بۆیە پێشبینی دەکات "لەکۆتاییدا بەربژێرێکی دیکە بە تەسەویە دیاری بکرێت."
فەهد جبووری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رەوتی حیکمەی نیشتمانیش پشتڕاستی کردەوە کە "سوودانی سازشی بۆ نووری مالیکی کردووە."
شەوی رابردوو 10-01-2026، چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوەی ژمارە 258ـی خۆی کرد، لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکەدا بەبێ ناوهێنانی هیچ بەربژێرێک، تەنیا جەخت لە بوونی "کەشێکی ئەرێنی و گفتوگۆی بەرپرسانە" کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ