گوتەبێژی دەوڵەتی یاسا: پەیام لەبارەی نووری مالیکی بۆ دۆناڵد ترەمپ نێردراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێ، پەیام بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نێردراوە تاوەکو هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی بگۆڕێ. گوتەبێژی هاوپەیمانییەکەی سوودانیش پاڵپشتی هاوپەیمانییەکەی بۆ بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی دووپات دەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەیەک پەیام ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کراوە و تێیدا "بۆچوون لەبارەی بەربژێرکردنی نووری مالیکی روونکراوەتەوە و باس لە سەرکەوتنەکانی لەماوەی سەرۆکایەتیکردنی حکومەتی عێراق کراوە، بەتایبەتی لە بابەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر."
 
نووری مالیکی دوو خول و لە ساڵی 2006 تاوەکو 2014 سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو. 
 
عەقیل فەتلاوی گوتی: "تاوەکو ئێستا وەک نوێترین هەڵوێست لەلایەنی ئەمریکییەوە لەدوای ئەو پەیامانە، نە رەتکردنەوە هەبووە نە پەسندکردن."
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشکرد: "بۆچوونی ئەمریکا بۆ ئێمە گرنگە، بەڵام هیچ سازشێک لەسەر بەربژێرکردنی بەڕێز مالیکی نییە."
 
هاوپەیمانییەکەی سوودانی: پابەندی بڕیارەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگین
هاوکات فیراس مەسلەماوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئەم ساتە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر بەربژێرەکەی خۆی سوورە و هیچ جۆرە پاشەکشە یان سازشێک لە لایەن چوارچێوەوە نەکراوە."
 
مەسلەماوی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بابەتانەی لە دوایین کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دا تاووتوێ کران بریتی بوون لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، دۆخی ئابووری، پێناسەی گومرگی و چەند پرسێکی دەرەکی، بەتایبەت بابەتی دانوستاندنی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و باسی پۆستی سەرۆکوەزیران نەکرا.
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە گوتی: "ئێمە وەک هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بەشێکی سەرەکین لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پشتگیری لە یەکڕیزیی نێو لایەنەکانی نێو چوارچێوە دەکەین."
 
مەسلەماوی رایگەیاند: "هاوڕاین لەگەڵ هەر بڕیارێک کە لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە بدرێت."
 
'نەرمی نواندن و گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ئەمریکا بەدی دەکەین'
زیا ناسری، سەرکردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، مالیکی بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگییە و "هیچ پاشەکشەیەک لەو بڕیارە نییە."
 
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمریکاش گوتی، "ئاڵوگۆڕی پەیامەکان بەردەوامە بە مەبەستی روونکردنەوەی تێڕوانینی عێراق و جەختکردنەوە لەسەر سەروەریی عێراق و سەربەخۆیی بڕیارەکانی."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 27ی کانوونی دووەمی 2026 لە پەیامێکی تووند دا هۆشداری دا کە ئەگەر نووری مالیکی ببێتەوە سەرۆکوەزیران، واشنتن چی دیکە هاوکاریی عێراق ناکات.
 
هەروەها بیلال ناسری، سەرکردە لە حیزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات بە رووداوی گوت: "دیداری زۆرمان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی هەبووە بۆ تاوتوێکردنی پرسی بەربژێرکردنی بەڕێز مالیکی و نەرمی نواندن و گۆڕانکاری لە هەڵوێستی ئەمریکا بەدی دەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە