رووداو دیجیتاڵ
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، سکاڵاکانی تایبەت بە بڕیاری پێناسی نوێی گومرگی رەتکردەوە و هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی "بەرژەوەندی "گەڕاندەوە.
هەریەک لە مستەفا سەنەد و محەممەد جاسم خەفاجی، پەرلەمانتارانی عێراق بە جیا سکاڵایان دژی بڕیاری ژمارە 957ی ساڵی 2025ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تۆمارکردبوو، داوایان کردبوو دادگاکە فەرمانێکی بەپەلە بۆ راگرتنی بڕیارەکە دەربکات تاوەکو دۆسیەکە یەکلایی دەبێتەوە.
دادگاکە لە دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممەدا بڕیاری دا بە رەتکردنەوەی هەردوو سکاڵاکە و هۆکارەکەشی بۆ "نەبوونی مەرجی بەرژەوەندی" گەڕاندەوە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، ناڕەزایەتییەک دژی بڕیاری ژمارە 957ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەیە، کە تایبەتە بە زیادکردنی پێناسی گومرگی لەسەر کاڵا هاوردەکراوەکان.
پێشتر ئەحمەد مازن مەکیە، پارێزەری سکاڵاکارەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "ئەو بڕیارە سەرپێچیی دەستووری و یاسایی تێدایە، چونکە لە سەردەمی دەسەڵاتی حکومەتی کاربەڕێکەردا دەست بە جێبەجێکردنی کراوە."
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق داکۆکی لە بڕیارەکە دەکات و دەڵێ، لە مانگی کانوونی دووەمی 2026 داهاتیان 137 ملیار دیناری تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە "بەرزترین ئاست".
بەپێچەوانەوە، نەبیل مەرسوومی، پسپۆڕی ئابووری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێکارە نوێیەکان داهاتی گومرگیان کەمکردووەتەوە و دەڵێت: "پێشتر داهاتی مانگانە دەگەیشتە 208 ملیار دینار، بەڵام ئێستا 71 ملیار دینار کەمی کردووە."
مەرسوومی رایگەیاند: "52 هەزار کۆنتێنەر لە بەندەرەکانی بەسرە ماونەتەوە، چونکە بەهۆی زۆریی گومرگ و سزای پێبژاردن، تێچووەکەیان لە بەهای خودی کاڵاکان زیاترە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ