عێراق و ئێران یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی ئەمنییان واژۆکرد

11-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ئەمنیی هاوبەشی لەنێوان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کرد کە تایبەتە بە هاوئاهەنگیی ئەمنی لە سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی پێشوازی لە عەلی لاریجانی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و شاندی یاوەری کرد.
 
بە گوێرەی نووسینگەی سوودانی، لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە "هەوڵی بەردەوامی عێراق بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و پتەوکردنی هاوبەشی لە بوار و ئاستە جیاوازەکان کردووەتەوە "بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی عێراق و ئێران بێت".
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق سەرپەرشتیی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ئەمنیی هاوبەشی لە نێوان راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و لاریجانی کرد "کە تایبەتە بە هاوئاهەنگیی ئەمنی لە سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات".
 
سوودانی رایگەیاندووە، عێراق هەڵوێستی "نەگۆڕ و بنەڕەتی" هەیە لە رەتکردنەوەی هێرشەکانی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پشتگیری عێراقیشی بۆ گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران دووپات کردەوە.
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "لاریجانی جەختی لە پەرۆشیی حکومەتەکەی بۆ گەشەپێدان و بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکان لە بوارە جیاوازەکان کردەوە، بەتایبەتی بەستنەوەی هێڵی شەمەندەفەر لەنێوان هەردوو وڵات بۆ گواستنەوەی زیارەتکار و گەشتیاران، هەروەها بەستنەوەی بە رێگەی گەشەپێدان."
 
یەکەمجار نییە عێراق و ئێران رێککەوتنی ئەمنی و لێکتێگەیشتنی ئەمنی واژۆ دەکەن. رۆژی 19ـی ئاداری 2023 لە بەغدا، عێراق و ئێران کۆنووسێکی ئەمنیی هاوبەشیان واژۆکرد کە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران واژۆکەیان کرد. یاداشتەکە هاوئاهەنگی لە رووی پاراستنی سنووری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆگرت.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە