رووداو دیجیتاڵ
بەپێی دەستووری عێراق، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق دەبێت زۆر لەوەی ئێستا زیاتر بێت. راوێژکاری یاسایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئەوان بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ کورسییەکانی پەرلەمان دەکەن و تاوەکو یاساکەی هەڵبژاردن هەموار نەکرێتەوە، ناتوانن دەستکاریی ژمارەی کورسییەکان بکەن.
1 کورسی بۆ 100 هەزار دەنگ
لە بڕگەی یەکەمی ماددە 49ی دەستووری عێراقدا هاتووە، "ئەنجوومەنی نوێنەران لە ژمارەیەک ئەندام پێکدێت، بە رێژەی یەک کورسی بۆ هەر 100 هەزار کەسێک لە دانیشتووانی عێراق، کە نوێنەرایەتیی تەواوی گەلی عێراق دەکەن."
ئەو پەرلەمانەی ئێستا کە ژمارەی ئەندامانی 329 ئەندامە، بەگوێرەی دەستوور بێت، نوێنەرایەتیی 32,900,000 کەس دەکات، لە کاتێکدا بەپێی دوایین سەرژمێری، کە ئۆکتۆبەری 2024 کراوە، ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە گەیشتووەتە 46 ملیۆن و 118 هەزار کەس، واتە بەگوێرەی دەستوور، دەبێت ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق 461 کورسی بێت.
بەگوێرەى مادەى 13ى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، ژمارەى کورسییەکان 329 دەبن تاوەکو ئەو کاتەى سەرژمێریى گشتیی نوێی دانیشتووان دەکرێت.
بەهۆی دواکەوتنی سەرژمێری، پێشتر دادگەی فیدراڵی بڕیاری داوە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان 325 کورسی دەبێت، تاوەکو ئەو کاتەی سەرژمێری دەکرێت.
حەسەن سەلمان، راوێژکاری یاسایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ئەم پرسە لەنێو کۆمیسیۆن باس نەکراوە، کۆمیسیۆن لایەنی جێبەجێکارە و بابەتەکە پەیوەندی بە لایەنی یاسادانانەوە هەیە. کۆمیسیۆن بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ کورسییەکان دەکات، یاساکە هەموار نەکراوەتەوە، تاوەکو دەستکاری کورسییەکان بکات.
یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەدوای رووخانی رژێمی پێشوو، کە لە 2025 کرا، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق 275 کورسی بوو. بەو پێیە بێت، ئەوکات ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە 27 ملیۆن و 500 هەزار کەس خەمڵێندراوە، لە هەڵبژاردنی 2010 ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق زیادکرا بۆ 325 کورسی، لە هەڵبژاردنی 2014 دیسان دەستکاریی کورسییەکانی پەرلەمان کرا و بۆ 328 کورسی زیاد کرا، هەروەها بۆ هەڵبژاردنەکانی 2018 و 2021، یەک کورسی زیاد کرا و بووە 329 کورسی، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش هەر 329 کورسییە.
دەبێت ژمارەی کورسییەکان زیاد بکرێن
رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی سەرژمێری لە عێراق نەکرابوو، بۆیە دەستکاری یاساکە نەکرا. گوتیشی، دوای سەرژمێریش هیچ داواکارییەک بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن پێشکەش نەکرا، تاوەکو کورسییەکانی پەرلەمان زیاد بکرێن.
سەبارەت بە زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە خولەکانی داهاتوودا، سەرۆکی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، "بەگوێرەی دەستوور دەبێت زیاد بکرێت."
لە 66 کورسییەوە بۆ 46 کورسی
ئەگەر یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، ژمارەی کورسییەکانی بەپێی دەستوور دابەش بکرێن (واتە 1 کورسی بۆ 100 هەزار کەس) ئەوە لە هەڵبژاردنی 2029 ژمارەی کورسییەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
ئێستا هەرێمی کوردستان 46 کورسی لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە (هەولێر 16 کورسی، سلێمانی و هەڵەبجە 18 کورسی و دهۆک 12 کورسی)، بەڵام ئەگەر کورسییەکان بە پشتبەستن بە دەستوور دابەشکرابان ئێستا هەرێمی کوردستان (بەپشتنەستن بە خەمڵاندنەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان) 66 کورسی دەبوو.
کورسییەکانیش بەپێی پارێزگاکان بەو جۆرە دەبوون، (هەولێر 24 کورسی، سلێمانی 23 کورسی، دهۆک 18 کورسی و هەڵەبجە 1 کورسی).
بە پشتبەستن بە داتاکانی دەستەی ئامار و دەستوور دەبێت ژمارەی کورسییەکانی بازنەی هەولێر و بازنەی (سلێمانی و هەڵەبجە) یەکسان بن، بەڵام ئێستا بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە دوو کورسی لە بازنەی هەولێر زیاترە.
ژمارەی کورسییەکانی هەرێمی کوردستان لە 2029دا دەبنە چەند؟
بەپێی خەمڵاندنەکانی دەستەی ئامار ژمارەی دانیشتووانی پاریزگای هەولێر لە 2029دا دەگاتە زیاتر لە 2 ملیۆن و 600 هەزار کەس و ژمارەی کورسییەکانی دەبێتە 26 کورسی، ژمارەی دانیشتووانی سلێمانی دەبێتە زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار کەس و ژمارەی کورسییەکانی دەبێتە 25 کورسی، ژمارەی دانیشتووانی دهۆک دەبێتە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس و 20 کورسی لە پەرلەمان دەبێت، ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە دەبێتە 134 هەزار و نوێنەرێکی لە پەرلەمان دەبێت. بەمەش ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەبێتە 72 کورسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ