راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق: لیستەکەی سوودانی یەکەمی هەڵبژاردن دەبێ

11-10-2025
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق
فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێیوایە، نەخشەی سیاسیی عێراق دوای ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، هەندێک کەسایەتی و لایەنی سیاسی پاشەکشە دەکەن و هەندێکی دیکە پێش دەکەون.
 
د. فەرهاد عەلائەدین، پێشبینی دەکات لیستەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت و زۆرترین کورسی مسۆگەر بکات و دەڵێت، "راپرسییەکان وا دەڵێن و لە هەمان کاتدا لەنێو خەڵکدا بەهێزە، بەهۆی سێ ساڵی جێگیر و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکێش کراون."
 
لە کاتێکدا گومان و پرسیار لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە سۆشیال میدیا و لەلایەن هەندێک شرۆڤەکارەوە دەورووژێنرێن، د. فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەکی بابەتی و زانستی لەبەردەستدا نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم گریمانەیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، سەرجەم ئامادەکارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێن.
 
بنەمای دیموکراسی و رەوایی دەسەڵات
 
د. فەرهاد عەلائەدین جەختی لەسەر ئەوە کردەوە هەڵبژاردن بنەمای سەرەکیی سیستمی دیموکراسییە لە عێراقدا و شەرعییەتی دەسەڵاتی ئێستا لە هەڵبژاردنەوە سەرچاوە دەگرێت. "ئەگەر هەڵبژاردن نەبێت، بەدیلەکەی چییە؟ لەسەر چ بنەمایەک؟ هیچ وەڵامێک نییە، تەنیا قسە دەکرێت."
 
 ئەو ئاماژەی بەوەدا کە هەموو هێزە سیاسییەکان، کورد، سوننە و شیعە، لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن، "چونکە نەکردنی هەڵبژاردن، واتە لەدەستدانی شەرعییەت."
 
سەبارەت بەو گریمانانەی پەیوەندییان بە دۆخی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەڵبژاردنەکان هەیە، وەکو ئەگەری دروستبوونەوەی شەڕ لەنێوان ئیسرائیل و ئێران یان هێرشکردنە سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، د. فەرهاد عەلائەدین رەتیکردەوە ئەمانە هۆکار بن بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و گوتی، "12 رۆژ لەنێوانیاندا شەڕ بوو، لە عێراق هیچ رووینەدا. هیچ شتێکی سیاسی نییە کە ببێتە هۆکارێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، مەگەر کارەساتێکی زۆر گەورە رووبدات، کە ئەوەش لە دەستی کەسدا نییە."
 
هەڵبژاردنێکی جیاواز و کێبڕکێیەکی نوێ
 
د. فەرهاد عەلائەدین پێی وایە هەڵبژاردنی ئەمجارە چەندین تایبەتمەندیی نوێی هەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا نەبوون و کێبڕکێیەکە تووندتر دەبێت:
 
• نەبوونی رەوتی سەدر: بۆ یەکەمجارە رەوتی سەدر بەشداری ناکات، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ئەنجامەکان دەبێت.
 
• بەشداریی جیاوازی حیزبەکان: هەندێک حیزب، وەکو رێکخراوی بەدر، بۆ یەکەمجارە بە تەنیا و بێ هاوپەیمانی بەشداری دەکەن.
 
• دۆخی جێگیریی عێراق: ئەم هەڵبژاردنە دوای سێ ساڵ لە جێگیریی سیاسی و سەربازیی تەواو ئەنجام دەدرێت، بە پێچەوانەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو کە دۆخێکی نائارامیی سیاسی یان ئەمنی باڵی بەسەردا کێشابوو (وەکو لەشکرکێشیی داعش لە 2014 یان خۆپێشاندانەکانی تشرینی 2021).
 
پێویستی رێککەوتن و هاوپەیمانی
 
سەرەڕای پێشبینییەکان بۆ سەرکەوتنی لیستی سوودانی، د. فەرهاد عەلائەدین دووپاتیکردەوە کە سیستمی سیاسیی عێراق بە شێوەیەکە هیچ لایەنێک ناتوانێت بە تەنیا زۆرینە بەدەستبهێنێت، بۆیە هەمیشە پێویستی بە رێککەوتن و هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەبێت بۆ پێکهێنانی حکومەت. "سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەر محەممەد شیاع سوودانی دەبێت، پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەکانی دیکەی پێکهاتەی شیعە و لایەنەکانی تر بکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک."
 
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێی وایە قسەکردن لەسەر هەڵبژاردن و پێشبینییەکان لە ئێستادا زۆرە، بەڵام "کاتێک تەپوتۆزەکە دەنیشێتەوە، پێنج یان شەش سەرکردە لە کوتلە شیعییەکان، جا لەژێر ناوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێت یان هەر ناوێکی دیکە، لە ژوورێکدا دادەنیشن و گفتوگۆ دەکەن. بێگومان محەممەد شیاع سوودانی، وەکو خاوەنی زۆرترین دەنگ، لە سەرووی مێزەکەوە دادەنیشێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە