رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئەمریکی کە ئیلۆن ماسک خاوەنیەتی، سەردانی عێراق دەکەن و لەگەڵ سەرۆکوەزیران تاوتوێی مۆڵەتی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد دەکەن.
کۆبوونەوەی شاندی کۆمپانیا ئەمریکییەکە و محەممەد شیاع سوودانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی کانوونی یەکەمی 2025 کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی قۆناخی کۆتایی مۆڵەتپێدانیان کردووە بە ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد بە کۆمپانیای سپەیس ئێکسی-یشەوە، هەروەها باسیان لە بەهێزکردنی هاوکاری کردووە لە بواری پەیوەندی و خزمەتگوزارییەکانی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییە و ئەو ناوچانەی کە کاری تێدا دەکات.
گرووپی کۆمپانیاکانی سپەیس ئێکس لەلایەن ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکییەوە خاوەندارێتی دەکرێت، کۆمپانیای ستارلینک یەکێکە لە پێکهێنەرانی کە تایبەتە بە دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە رێگەی مانگی دەستکردەوە.
محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند: "حکومەتەکەی پەرۆشە بۆ هاوهەنگاوی پێشکەوتنی جیهانی تەکنەلۆژی و زانیاری و پەیوەندییەکان لە رێگەی هاوکاریکردن لەگەڵ کۆمپانیای سپەیس ئێکس و بەشداری لە بازاڕی عێراق لە بواری وەبەرهێنان."
بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، شاندی کۆمپانیای سپەیس ئێکس پەرۆشیی خۆیان دەربڕیوە بۆ کارکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان و هاوکاریکردن لە بواری تەکنەلۆژیای زانیاری، ئامادەیی کۆمپانیاشیان دەربڕیوە بۆ کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە رێگەی مانگی دەستکردەوە لە ماوەیەکی کەمدا، ئەوەش لە دوای وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی کارکردن لە عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ