رووداو دیجیتاڵ
لە عێراق، سەرەڕای راگرتنی دامەزراندن بەشێوەی فەرمی، خەرجیی مووچە لە ساڵێکدا زیاتر لە 3.3 تریلیۆن دینار زیادی کردووە. شارەزایەکی ئابووری زیادبوونەکە بە "جێی سەرسوڕمان" ناو دەبات و گومانی لە "دامەزراندنی نهێنی" هەیە، ئەندامێکی خولی پێشووی لیژنەی داراییش هۆکارەکەی بۆ فراوانبوونی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەگەڕێنێتەوە.
بەگوێرەی ئاماری داهات و خەرجیی 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2025 کە وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویکردووەتەوە، خەرجیی مووچە لەو ماوەیەدا 74 تریلیۆن و 893 ملیار و 660 ملیۆن دینار بووە؛ واتە تێکڕای خەرجیی مانگانەی مووچە زیاتر لە 7.4 تریلیۆن دینار بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە لە هەمان ماوەی ساڵی 2024ـدا، کۆی خەرجیی مووچە 71 تریلیۆن و 528 ملیار و 277 ملیۆن دینار بووە. بەوپێیەش خەرجیی مووچە لە نێوان 10 مانگی یەکەمی هەردوو ساڵەکەدا، سێ تریلیۆن و 365 ملیار و 383 ملیۆن دینار زیادی کردووە.
جەمال کۆچەر، ئەندامی خولى پێشووی لیژنەى دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەگەری هەیە ئەو زیادبوونەی خەرجیی مووچە، پەیوەست بێت بە زیادکردنی ژمارەی ئەوانەی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، هەروەها گەڕانەوەی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2014ـەوە، بەتایبەت لە هێزە ئەمنییەکان لە خزمەت دوورکەوتبوونەوە و دواتر بەگوێرەی یاسای بودجەی 2023 بۆ 2025 گەڕێنراونەتەوە".
لە عێراق زیاتر لە دوو ملیۆن کەس مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن کە بڕەکەی لەنێوان 105 هەزار بۆ 420 هەزار دینارە؛ مووچەکە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە خاوەن پێداویستیی تایبەتن یان بێ هاوژینن و هەژارن.
نەبیل مەرسوومی، پسپۆڕی ئابووری، ئەو زیادبوونە لە خەرجیی مووچە بە "جێی سەرسوڕمان" دەزانێت و دەڵێت: "بەرزە مووچە، سەرمووچە و گۆڕینی بڕوانامە لە عێراق بۆ زۆرینەی فەرمانبەران وەستاوە و دامەزراندنیش راگیراوە، بۆیە ئەو زیادبوونە جێگەی سەرنجە."
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە ئابوورییە، ئێستا خەرجى ساڵانەى مووچەى عێراق گەیشتووەتە سەرووی 90 تریلیۆن دینار، کە بە "بڕێکى مەترسیدار" ناوی دەبات.
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، جگە لەو کەسانەی لە یاساکەدا ئاماژە بە دامەزراندنیان کراوە و دیاریکراون (کە ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆن کەس بوو)، دامەزراندنی نوێ نییە. نەبیل مەرسوومی گومانی هەیە و دەڵێت: "گومان دەکرێت کەسانێک بە نهێنی دامەزرابن یان گرێبەستی کارکردنیان بۆ کرابێت، کە وایکردووە خەرجیی مووچە زیاد بکات."
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لە 10 مانگی یەکەمی 2025 پشکی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی مووچە 10 تریلیۆن و 401 ملیار و 734 ملیۆن دینار بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە لە هەمان ماوەی ساڵی 2024ـدا، خەرجیی مووچەی هەرێمی کوردستان 9 تریلیۆن و 661 ملیار و 113 ملیۆن دینار بووە.
واتە پشکی هەرێمی کوردستان لەنێوان 10 مانگی یەکەمی ئەم دوو ساڵەدا، بڕی 740 ملیار و 600 ملیۆن دینار زیادی کردووە، کە دەکاتە مانگانە زیاتر لە 74 ملیار دینار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ