حکومەتی عێراق سەرمایەی بانکی رەشید لە دوو ملیار دینارەوە بۆ 50 ملیار دینار زیاد دەکات

12-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پارە بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی لەکارکەوتوو زیاد دەکات، سەرمایەی بانکی رەشید-یش لە دوو ملیار دینارەوە بۆ 50 ملیار دینار زیاد دەکات؛ هەروەها بڕیاری داوە هەر تۆنێک گەنم بە 410 هەزار دینار بە ئاشە ئەهلییەکان بدرێت.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی سێشەممە 11-02-2025 سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد، تێیدا گفتوگۆ لەسەر پرسە گشتییەکانی وڵات کرا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ تەواوکردنی پڕۆژە دواکەوتوو و راگیراوەکان، رەزامەندی درا لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:
 
- زیادکردنی پارە بۆ کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە پارێزگای دیوانیە/سەنیە.
- زیادکردنی پارە بۆ پڕۆژەی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە پارێزگای نەینەوا/قەزای تەلەعفەر.
- زیادکردنی پارە بۆ بەڵێندەرایەتیی ئاوەڕۆی حەمدانیە.
 
سەبارەت بە کەرتی بانکی، لە کۆبوونەوەکەدا رەزامەندی درا لەسەر زیادکردنی سەرمایەی بانکی رەشید لە دوو ملیار دینارەوە بۆ 50 ملیار دینار.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار دراوە هەر تۆنێک گەنمی خۆماڵی بە 410 هەزار بە ئاشە ئەهلییەکان بفرۆشرێت.
 
پەسندکردنی راسپاردەی پەرلەمان بۆ زیادکردنی راوێژکاری نیشتمانیی تەندروستیی دەروونی لە وەزارەتی تەندروستی لەناو ئەندامانی دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ کاروباری مادە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە عەقڵییەکان، یەکێکی دیکە بوو لە بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە.
 
هەروەها لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، رەزامەندی درا لەسەر رێنوێنی و مەرجەکانی وەرگرتن لە کۆلێژی پۆلیسی عێراق، کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە پێشکێش کرابوون.
 
هاوکات ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی دا بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان بۆ چاپ کردنی دەفتەری تاقیکردنەوەی پۆلی 12 و ئامادەکردنی لە دەرەوەی عێراق، تەنیا بۆ ماوەی یەک ساڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە