رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ئەم ڤیدیۆیە دەردەکەوێت، دیمەنی عیسا ریاز و ئەمیر هانییە، ئەو دوو منداڵەی رۆژی دووشەممە لە کاتی گەڕانەوەیان لە قوتابخانە لە ناوچەی مەنسووری بەغدا کەوتنە نێو چاڵێک و خنکان.
دوای ئەوەی دوو منداڵەکە بۆ ماوەی 25 کاژێر لەماڵەوە ون دەبن، دواتر لە رێگەی نەعلەکانیانەوە لەنێو چاڵەکە دەدۆزرێنەوە کە قووڵییەکەی نزیکەی 5 مەتر دەبێت و بەشێکی بە ئاو داپۆشراوە.
ئەمە یەکەمجار نییە رووداوی کەوتنە نێو چاڵ لەم پرۆژەیە روودەدات، پێشتر کرێکارێک کەوتووەتە چاڵێک و بە برینداری رزگاری بووە، قوتابخانە لە شوێنەکە نزیکە و مەترسی دووبارەبوونەوەی رووداوی هاوشێوە هەیە.
قاسم عەدنان، ئامۆزای یەکێک لە منداڵە خنکاوەکان دەڵێت، "پێش ئەم رووداوەش یەکێک لە خزمەکانمان کەوتە نێو یەکێک لە چاڵەکان و هەر خۆیان دەریان هێنان. گوتیان سوپاس بۆ خوا سەلامەتە. نە چاڵەکەیان پڕکردەوە نە هیچ، دیسان پشتگوێیان خست. ئاگادارمانکردنەوە کاتێک کارەکانتان تەواو دەکەن چاڵەکان پڕکەنەوە بۆ ئاوا جێی دەهێڵن؟. لە کاژێر سێ بنکەی پۆلیس و نەخۆشخانە نەما نەگەڕێین، دواتر لێرە بە حەفارە دۆزیمانەوە. دوو منداڵ یەکێکیان 8 ساڵ و ئەوی دیکە نازانم 9 یان 10 ساڵە. سوێند بەخوا یەکێکیان تاقانەیە."
پرۆژەکە کۆمپانیایەکی نێوخۆ جێبەجێی دەکات، لە دەوروبەری پرۆژەکە هیچ بەربەستێک دانەنراون و خەڵکی ناوچەکە کۆمپانیای جێبەجێکار بە کەمتەرخەم دەزانن.
حوسێن عەلی، دراوسێی منداڵە خنکاوەکانە و شایەت حاڵی رووداوەکە بووە و باس لەوە دەکات، "کۆمپانیاکە کەمتەرخەمە، ئەگەر بەربەست بۆ ئەم چاڵانە دانرابووایە، ئەم رووداوە رووی نەدەدا. نابیستین رووداو یان شێکی وا لە کۆمپانیا بیانییەکان رووبدات, بۆ نموونە کۆمپانیا چینییەکان ئەو کۆمپانیایەی لە گۆڕەپانی نسور کار دەکات."
دوای رووداوەکە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزیری ناوخۆ کرد لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن و ئەوانەی کەمتەرخەم بوونە سزای یاسایی بدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ