عێراق
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی عێراق دەڵێت، هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی بەرەو یەکخستنی پێناسی گومرگی ناوە.
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا لەسەر پێناسی نوێی گومرگی و سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا" بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی عێراق دەڵێت، هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی بەرەو یەکخستنی پێناسی گومرگی ناوە.
د. سامی جەلال، راوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری دۆسیەی گفتوگۆکانی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ بەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەم هەفتەیە لە بەغدا لەبارەی پێناسی گومرگی و سیستمی ئەسیکۆداوە کۆبوونەوەمان کردووە، لێژنە پێکهێنراوە و بڕیارە کۆبوونەوەکان بەردەوام بن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووینەتە هیچ رێککەوتنێک."
بە گوتەی د. سامی جەلال، "ئەم پرسە وردەکاریی زۆری تێدایە و پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ رێککەوتن."
لێدوانەکەی ئەو بەرپرسەی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە سامر قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق، بە میدیای فەرمی عێراقی رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان دەستی بە وەڵامدانەوە کردووە بۆ پرسی یەکخستنی پێناسی گومرگی لەگەڵ دەروازە فیدراڵییەکان."
سەبارەت بە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لیژنەیەک بۆ ئەو کاڵایانە پێکهێنراوە کە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن، بە مەبەستی رێکخستنی حەواڵە داراییەکان. گوتیشی: "ئەو بازرگانانەی لە دەرەوەی سیستمی گومرگی و باجن، زیانمەند دەبن، چونکە چوونە نێو سیستمی ئەسیکۆدا پێویستی بە ناسنامەی هاوردەکردن و ناسنامەی باج هەیە."
بەپێی گوتەی سامر قاسم، دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق ئامانجی ئەم سیاسەتە نوێیەی بۆ چەند خاڵێک گەڕاندەوە، لەوانە:
- پاراستنی دراوی قورس (دۆلار) و رێگریکردن لە چوونەدەرەوەی بۆ کاڵای کوالێتی نزم.
- هاندانی پیشەسازیی نیشتمانی و پاڵپشتیکردنی کارگەکانی ناوخۆ.
- پێدانی لێخۆشبوونی گومرگی و باج بۆ ماوەی 10 ساڵ بەو پڕۆژانەی مۆڵەتی گەشەپێدانی پیشەسازی و وەبەرهێنانیان هەیە، وەکو کارگەکانی دەرمان و خۆراک.
بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ جەختی لەوەش کردەوە، جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا" دەبێتە هۆی کۆنترۆڵکردنی وردی کاڵاکان، نەهێشتنی دەستوەردانی مرۆیی و خەمڵاندنی هەڕەمەکی، هەروەها رێگری لە سپیکردنەوەی پارە دەکات و پلەی ئابووریی عێراق لەسەر ئاستی جیهان بەرز دەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ