عێراق
وێنەیەکی وەرگیراو لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە گرووپەکە بڵاوی کردووەتەوە و تێیدا لێکۆڵینەوە لەگەڵ کرێکارێکی سووری دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
تیمێکى ئەمنى لە عێراق پێکهێنرا، بۆ دەستگیرکردنى ئەندامانى گرووپێک کە خۆیان بە گرووپی "یا على شعبی" ناساندووە و تۆمەتبارن بەهێرشکردنە سەر هاووڵاتیانى سوورى.
سەباح نوعمان، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هیزە چەکدارەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بە فەرمانى محەممەد شیاع سوودانى، فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکان ئەو تیمە ئەمنییە پێکهێنراوە بۆ دەستگیرکردنى ئەوانەى هێرش دەکەنە سەر ئەو هاووڵاتییە سووریاییانەى لە عێراق کاردەکەن و توندووتیژى و کار نەشیاو بەرامبەریان دەکەن."
سەباح نوعمان گوتى "تیمەکە راوەدووى ئەو گرووپە دەمامکدارانە دەنێت، کە سەر بەو کۆمەڵەیەن و ناویان لە خۆیان ناوە گرووپى یا عەلیی شەعبی."
پێکهێنانى ئەو تیمە لە دواى بڵاوبوونەوەى چەند دیمەنێکى ڤیدۆیی بوو، تێیاندا ئەندامانى ئەو گرووپە هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتییانى سوورى کە لە عێراق کاردەکەن.
گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق ئاماژەى بەوە داوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک دیمەن بڵاوکراونەتەوە، کە تێیدا تووندوتیژى بەرامبەر بە هەندێک هاووڵاتییانى سووری دەکرێت کە لە عێراق کاردەکەن.
ئەو پێشهاتە دواى رووداوەکانى شارەکانى لازقییە و تەڕتووس بوو لە سووریا، کە زۆرینەى دانیشتووانەکەى عەلەوین. لەناوچە کەناراوییەکان پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکانى سووریا و چەند گرووپێکى چەکدار روویدا، کە بە پاشماوەى دەسەڵاتى پێشووى بەشار ئەسەد ناودەبرێن.
هەر ئەمڕۆ (چوارشەممە، 12ـی ئادارى 2025) میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە دا، دەزگا ئەمنییەکان و فەرمانگە هەواڵگرییەکان لە وەزارەتى ناوخۆ چەند رووداوێکى نایاساییان تۆمار کردووە، کە تایفەگەری، پاڵپشتیکار و هاندەرى تووندوتیژى بوون لەلایەن هەندێک لە بیانییە نیشتەجێبووەکانەوە.
گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق گوتى "ئەو کارانە رەتکراوەن و ئەوانەى لەسەر خاکى عێراقن، دەبێت رێز لە یاسا، بەها و دابونەریتى گەلەکەى بگرن و هەر کەسێک سنوور ببەزێنێت، دەدرێتە دەست یاسا."
وەزارەتی دەرەوەی سووریاش ئەمڕۆ لەبارەی "دەستدرێژییەکان بۆ سەر سوورییەکان لە عێراق" رایگەیاندبوو "ئەو کردەوانە سەرکۆنە دەکەین کە سوورییەکان لە عێراق رووبەڕوویان دەبنەوە، ئەو کردەوانە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ