رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق رایگەیاند، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، کۆتایی بە بیانووەکانی تورکیا هێنا، "بۆ داگیرکردنی بەرفراوانی خاکی عێراق". داواش لە حکومەتی عێراق دەکات، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لە کشانەوەی تەواوەتی سەرجەم هێزەکانی تورکیا و ئەندامانی پەکەکە لە خاکی عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "دوای راگەیاندنی خۆهەڵوەشاندنەوە و دانانی چەک لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان، لەسەر بنەمای دەستپێشخەری سەرکردەکەیان عەبدوڵڵا ئۆجەلان، کۆتایی بە ململانێی زیاتر لە چوار دەیە لەگەڵ حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا دەهێنێت، کە قوربانییەکەی دەیان هەزار کەسی بوون."
خەزعەلی هەروەها دەڵێت، "ئەم راگەیاندنە کۆتایی بە هەموو هۆکار و بیانووەکانی داگیرکردنی بەرفراوانی خاکی عێراق لەلایەن سوپای تورکیا هێنا، کە دەکاتە زیاتر لە پێنج هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە زەوی عێراق، هەروەها دروستکردنی زیاتر لە 183 بنکەی سەربازی لە سنووری پارێزگای دهوک و هەولێر، جگە لە بنکەی باشیک لە پارێزگای نەینەوا."
قەیس خەزعەلی داوا لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق دەکات ئەم رێوشوێنانە بگرێتەبەر:
- داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین بەردەوام بێت لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی پڕۆسەی ئاشتی و دابینکردنی هەموو تواناکانی بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی پڕۆسەکە، چونکە ئەمە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق دەکات و ئاسایش و سەروەری وڵاتەکە دەپارێزێت.
- جەخت لەسەر پێویستی گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی پێویست لەلایەن حکومەت و پەرلەمانی عێراق دەکەینەوە، لە گەرەنتیکردنی پاراستنی سەروەریی عێراق، ئەوەش بە دەستبەجێ دەستکردن بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ دڵنیابوون لە کشانەوەی تەواوەتی سەرجەم هێزەکانی تورکیا و ئەندامانی پەکەکە لە خاکی عێراق.
- پێویستی جووڵەی بەپەلە و جیدی لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بکرێت بۆ وەرگرتنی ئەو بنکانەی نێو خاکی عێراق، کە ئێستا هێزەکانی تورکیایان تێدایە، هەروەها راگەیاندنی چۆڵکردنی تەواوی بنکەکان لە هێزەکانی تورکیا، بەشێوەیەکی فەرمی و بەگوێرەی رێکارە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکان.
- داوا لە حکومەتی حکومەتی تورکیا بکرێت هاوکاری تەواو لەگەڵ عێراق بکات، بۆ پاراستنی کەرتی سنووری نێوان هەردوو وڵات، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە گرووپە چەکدارەکان جارێکی دیکە لە خاکی عێراقەوە نەپەڕنەوە بۆ ناو خاکی تورکیا و بە پێچەوانەشەوە.
- وەرگرتنی بەرپرسیارێتی پاراستنی سنوور لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە لە لایەنی عێراقییەوە گرنگ و پێویستە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەندامانی پەکەکە جارێکی دیکە نەپەڕنەوە، هەروەها گەرەنتییەکە بۆ رێگری لە هاتنە ناوەوەی هێزەکانی تورکیا لە داهاتوودا، بە هەر هۆکارێک بێت.
- پاراستنی سنووری عێراق بە وشکانی و ئاسمانییەوە ئەرکی حکومەتی فیدراڵی عێراقە، کە ئەوە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەروەریی هەموو عێراقە، بە هەر بستێکی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری نەینەواشەوە. هەروەها دەستەبەرکردنی ئاسایش، سەروەری و سنوورەکانی تورکیایە.
ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق، داوای لە وڵاتانی عەرەبیش دەکات، "بڕیارێک دەربکەن کە جەخت لە کشانەوەی بەپەلەی سەرجەم هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق بکات و رێز لە سەروەریی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی بگیرێت."
رۆژی 15ی ئابی 2024، حکومەتی عێراق و تورکیا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان لەبارەی هاوئاهەنگیی سەربازی و ئەمنی و ''بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر'' واژۆکرد. خەزعەلی داوا دەکات ئەو رێککەوتننامەیە هەڵبوەشێندرێتەوە و دەڵێت، "جەخت لەسەر پێویستی هەنگاونانی حکومەتی عێراق دەکەینەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان عێراق و تورکیا، داوا دەکەین بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی هەڵبوەشێنرێتەوە، بەتایبەتی دوای خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان."
بەپێی یاداشتنامەکە، عێراق و تورکیا ناوەندی هاوئاهەنگیی ئەمنی هاوبەش لە بەغدا دادەمەزرێنن، کە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەبێت و بەهاوبەشی لەنێوان کۆماری عێراق و کۆماری تورکیا بەڕێوەدەبردرێت.
بە بڕوای خەزعەلی، "ئەو یاداشتنامەیە نارەوایە و لە رووی سیاسی و جەماوەرییەوە لە عێراق بەشێوەیەکی بەرفراوان رەتکراوەتەوە، چونکە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق ناکات و سەروەری وڵاتەکەی ناپارێزێت."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا قەیس خەزعەلی ئاماژە بەوە دەکات، "هیوادارین رێککەوتنی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان سەرەتای بەرقەرارکردنی ئاشتی و دەستەبەرکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلانی ناوچەکە بێت بە برا کوردەکانمانەوە، کە دەیان ساڵە خەباتیان کردووە بۆ گەیشتن بە داواکارییەکانیان. هەروەها هیوادارین پڕۆسەی ئاشتی و کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە عێراق، گەرەنتی پەیوەندییەکی نزیکی دۆستایەتی و رێزگرتنی یەکتری لەسەر بنەمای هاوکاری و دراوسێیەتییەکی باشی نێوان عێراق و تورکیا بکات، ئەو پەیوەندییانەش بە شێوەیەک بچەسپێنرێن کە ئاسایش و سەروەری هەردوو وڵاتی دراوسێ بپارێزێت."
دوای بەستنی کۆنگرەی 12یان لە سەرەتای ئەم مانگە، ئەمڕۆ دووشەممە، 12-5-2025 پەکەکە بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ