سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات حکومەتی نوێی عێراق 'لە کاتێکی گونجاو'دا پێکبهێندرێت

12-11-2025
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە شێوەیەکی ئارام و رێکخراو دەکات و داواش دەکات، حکومەت لە کاتێکی گونجاو و بە شێوەیەکی ئاشتییانە پێکبهێندرێت.
 
ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی چوارشەممە 12-11-2025 رایگەیاند، "سکرتێری گشتی بەبۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش دەکات بۆ هەوڵەکانیان لە دڵنیابوونەوە لە ئامادەکاری و بەڕێوەبردنی کاریگەریی هەڵبژاردنەکە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان متمانەی هەیە لایەنە سیاسییەکان گیانی ئاشتی و رێزگرتن لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەپارێزن تاوەکو راگەیاندنی ئەنجامەکان. هەروەها جەختی لە گرنگیی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت لە کاتێکی گونجاودا و بە شێوەیەکی ئاشتییانە کردەوە، کە رەنگدانەوەی ویستی گەلی عێراق بێت و ئاواتەکانیان بۆ سەقامگیری و گەشەپێدان بەدیبهێنێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سکرتێری گشتی دووپاتی پابەندبوونی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە پشتگیریکردنی عێراق کردەوە، بۆ برەودان بە دەستکەوتە دیموکراسییەکان و بەدیهێنانی ئاواتی هەموو عێراقییەکان بۆ داهاتوویەکی ئاشتیخواز و خۆشگوزەران.
 
هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق (یونامی)، سکرتێری گشتی سوپاسی خۆی بۆ هاوبەشیی درێژخایەنی نێردەکە لەگەڵ دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانی عێراق دەربڕی، ئاماژەشی بە کۆتاییهاتنی زیاتر لە دوو دەیە لە هاوکاریی هەڵبژاردنی یونامی کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە