نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی دادگەی فیدراڵی: ناکۆکییەکان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن

13-01-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی
کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق کۆبووەوە و جه‌ختیان له‌ پابه‌ندبوون به‌ دەستووری عێراق کردەوە، وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق.
 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ دووشەممە، 13-01-2025، لە دادگەی فیدراڵی کرا. نێچیرڤان بارزانی و جاسم محەممەد عەبود، باسیان گرنگيی رۆڵی دادگەی فیدراڵی لە چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ رۆڵى گرنگى دادگەى فيدراڵى له‌ ئه‌نجامدان و سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و هاوكارى و يارمه‌تيدانى له‌ چاره‌سه‌ركردنى پرسه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌تايبه‌تيش له‌ پرسى مووچه‌ و شايسته‌ داراييه‌كاندا دووپاتكرده‌وه‌، هه‌روه‌ها رۆڵى دادگەى له‌ پاراستنى پرۆسه‌ى ديموكراسى له‌ وڵات، به‌رز نرخاند.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستيی هاوکاريی نێوان دەسەڵاتە دادوەرییەکان و دامەزراوە فیدراڵی و هەرێمییەکاندا کردەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان له‌سه‌ر بنه‌ماى یاسایی و دەستووری بە جۆرێك کە بەهێزکردنی سەقامگیريی نیشتمانی و پاراستنی سەروەريی یاسا، دەستەبەر بکات".
 
دەقی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە:
 
به‌يانيى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2025/1/13 له‌ به‌غدا، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ به‌ڕێز دادوەر جاسم محەمەد، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیى عێراق، کۆبووەوە.
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گرنگيی رۆڵی دادگای فیدراڵی لە چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کرا، هەروەها جه‌خت له‌ پابه‌ندبوون به‌ دەستووری عێراقه‌وه‌ كرايه‌وه‌، وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق.
 
سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ رۆڵى گرنگى دادگاى باڵاى فيدراڵى له‌ ئه‌نجامدان و سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و هاوكارى و يارمه‌تيدانى له‌ چاره‌سه‌ركردنى پرسه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌تايبه‌تيش له‌ پرسى مووچه‌ و شايسته‌ داراييه‌كاندا دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها رۆڵى دادگاى له‌ پاراستنى پرۆسه‌ى ديموكراسى له‌ وڵات، به‌رز نرخاند.
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستيی هاوکاريی نێوان دەسەڵاتە دادوەرییەکان و دامەزراوە فیدراڵی و هەرێمییەکاندا کردەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان له‌سه‌ر بنه‌ماى یاسایی و دەستووری بە جۆرێك کە بەهێزکردنی سەقامگیريی نیشتمانی و پاراستنی سەروەريی یاسا، دەستەبەر بکات.
 
کاریگەرییەکانی دۆخی ناوچه‌كه‌ و گرنگيی بەدوورگرتنی عێراق لە ئاڵۆزييه‌كان و جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیريی وڵات، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە