رووداو دیجیتاڵ
100 چەکی دیکەی قەرەبووی ئاوارەکانی مادەی 140 لە سنووری پارێزگای نەینەوا راگەیێنرا، بە تێکڕا وەک قۆناخی دووەم گەیشتە 400 چەک، بەڕێوەبەری نووسینگەی مادەکە لە نەینەوا دەڵێت: "کێشەی نەختینە نییە و خاوەنی چەکەکان دەتوانن پارەکەیان وەربگرن."
نووسینگەی مادەی 140 لە پارێزگای نەینەوا لە 12ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوی خاوەنی 100 چەکی دیکەی قەرەبووی مادەکەى بڵاوکردەوە، کە خاوەنەکانیان دەتوانن لە نووسینگەکە وەریبگرن.
سێشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2026، هەردی خدر، بەرپرسی نووسینگەی مادەی 140ـی نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ 91 چەکی دیکەی قەرەبووی ئاوارەکانی مادەی 140 رادەگەیێنین و بەوەش ژمارەی ئەو چەکانەی لەم کاروانانەی قەرەبووکردنەوە بڵاودەکرێتەوە دەگاتە 491 چەک."
لە هەفتەی رابردووەوە دابەشکردنی چەکی قەرەبووی ئاوارەکانی مادەی 140 لە نەینەوا دەستیپێکرد، پێشتریش 175 چەکی دیکە وەک کاروانی یەکەم بڵاوکرایەوە.
بەگوێرەی مادەی 140، هەر خێزانێکی ئاوارە 10 ملیۆن دینار و عەرەبی هاوردەش 20 ملیۆن دینار وەک قەرەبوو وەردەگرن.
بەرپرسی نووسینگەی مادەی 140ـی نەینەوا رایگەیاند، کێشەی کەمیی نەختینە کاریگەریی لەسەر چەکی قەرەبووی ئاوارەکان نابێت، بەوپێیەی لە هەژماری بانکیی نووسینگەکە ئەو بڕە پارەیە هەیە، کە دەبێت بۆیان خەرج بکرێت، هەرکات پارەی دیکەیان بەردەستکەوت، کاروانی دیکەی قەرەبووکردنەوە رادەگەیێنرێت.
کۆی ئەوانەی لە سنووری نەینەوا مادەی 140 دەیانگرێتەوە 52 هەزار کەسن، نزیکەی 30 هەزاریان تاوەکو ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە.
لە ساڵی 2013ـوە نووسینگەی لیژنەی مادەی 140 لە نەینەوا بەهۆی شەڕی داعش داخرابوو و لە مانگی ئاداری 2025 کرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ