رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازێک بۆ میوانداریکردنى وەزیرانى ناوخۆ و بەرگرى لەبارەى گفتوگۆى نێوان عێراق و ئەمریکا سەبارەت بە ئاییندەى ئەرکى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش، کۆدەبێتەوە.
رۆژی 13ـی شوباتى 2024 سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند رۆژى چوارشەممە، 14ـی شوبات لیژنەکەیان کۆدەبێتەوە و یەکێک لە کارەکانى، تاوتوێکردنى پێشنیازێکە بۆ میوانداریکردنى هەردوو وەزیرانى ناوخۆ و بەرگریى عێراق.
سەگڤان سندى گوتى "پێشنیازەکە پێویستى بە دەنگدانە لەنێو لیژنەکەمان تاوەکو بکرێتە نووسراوى فەرمى. میوانداریکردنى ئەو دوو وەزیرە بۆ تاوتوێکردنى زانیارییەکانە لەبارەى گفتوگۆى نێوان عیراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا سەبارەت بە ئەرکى ئاییندەى هێزەکانى هاوپەیمانیى دژى داعش لە عێراق."
رۆژانى 27ـی کانوونى دووەم و 11ـی شوبات، دوو کۆبوونەوە لەنێوان شاندى سەربازیی عێراق و هاوپەیمانیی دژ بە داعش کرا، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى ئەرکى ئاییندەى ئەو هاوپەیمانیێتیەوە و پەیوەندى دوو قۆڵى نێوانیان.
جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوە دا، پێشنیازێکی دیکە هەیە کە داوا لە حکومەت بکرێت زانیارییان لەبارەى رەوشى گفتوگۆکان پێبدەن بۆ ئەوەى ئاگادارى وردەکارییەکەى بن.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیى دژى داعش لە ساڵى 2014ـەوە لەسەر داواى حکومەتى عێراقى بۆ شەڕکردن لە دژى رێکخراوى داعش لە عێراقن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ