رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان خوێندنەوە بۆ پرسی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن و ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیران، دەبێت لەگەڵ ئەمریکا کاربکات.
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداو لە ترەمپی پرسی کە ئایا هێشتا ڤیتۆی لەسەر گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە بە وردی سەیری [پرسی] سەرۆکوەزیران دەکەین. با بزانین چی روودەدات. هەندێ بیرۆکەمان لەو بارەیەوە هەیە، بەڵام بەڵام دواجار هەموو کەس پێویستی بە ئەمریکایە. هەموو کەسێک پێویستی پێمانە"
ئەم قسانەی ترەمپ جەختکردنەوەیە لەو هەڵوێستەی کە هەر حکومەتێکی داهاتووی عێراق بە شێوەیەکی کاریگەر هاوکاری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکات، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاسایش، رووبەڕووبوونەوەی "تیرۆر" و سەقامگیریی ناوچەکە. ئەمەش لە کاتێکدایە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ساڵانی 2006 بۆ 2014ـی وەک بەربژێری خۆی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەستنیشان کردووە.
ـ
پێشتر ترەمپ بە راشکاوانە دژایەتیی خۆی بۆ گەڕانەوەی مالیکی دەربڕیبوو. لە کۆتایی کانوونی دووەم لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ، هۆشداریدا کە ئەگەری دانانەوەی مالیکی "هەڵبژاردنێکی زۆر خراپە" و ئاماژەی بەوە کرد، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا عێراق رووبەڕووی "هەژاری و پشێویی تەواو" بووەوە.
تەنانەت ترەمپ هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر مالیکی بگەڕێتەوە، "ئەمریکا چیدیکە هاوکاریی عێراق ناکات" و بەبێ پشتیوانیی ئەمریکا، عێراق "هیچ دەرفەتێکی بۆ سەرکەوتن، خۆشگوزەرانی و ئازادی نابێت."
ئەم لێدوانەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رووداو، کەمێک پێش بەڕێکەوتنی بوو لە کۆشکی سپییەوە بۆ ویلایەتی کارۆلاینای باکوور.
11ی ئەم مانگە عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ژمارەیەک پەیام ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کراون و تێیدا "بۆچوون لەبارەی بەربژێرکردنی نووری مالیکی روونکراوەتەوە و باس لە سەرکەوتنەکانی لەماوەی سەرۆکایەتیکردنی حکومەتی عێراق کراوە، بەتایبەتی لە بابەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر."
عەقیل فەتلاوی گوتی: "تاوەکو ئێستا وەک نوێترین هەڵوێست لەلایەنی ئەمریکییەوە لەدوای ئەو پەیامانە، نە رەتکردنەوە هەبووە نە پەسندکردن."
گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشکرد: "بۆچوونی ئەمریکا بۆ ئێمە گرنگە، بەڵام هیچ سازشێک لەسەر بەربژێرکردنی بەڕێز مالیکی نییە."
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامەکەی دۆناڵد ترەمپ:
رووداو: بەڕێز سەرۆک، تۆ هێشتاش ڤیتۆت هەیە لەسەر گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق؟
ترەمپ: ئێمە بە وردی سەیری [پرسی] سەرۆکوەزیران دەکەین. با بزانین چی روودەدات. هەندێ بیرۆکەمان لەو بارەیەوە هەیە، بەڵام دواجار هەموو کەس پێویستی بە ئەمریکایە. هەموو کەسێک پێویستی پێمانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ