رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی نەینەوا پێشبینی دەکات بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی پارێزگاکە بگاتە نزیکەی دوو ملیۆن تۆن و تەنیا لە مەخموور بگاتە 490 هەزار تۆن گەنم.
عەبدوڵڵا سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی نەینەوا رۆژی دووشەممە 13ی ئایاری 2024 بە رووداوی راگەیاند، لە پارێزگای نەینەوا، ئەمساڵ سەرووی سێ ملیۆن و 670 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوە. پێشبینی دەکەن بەرهەمەکەی بگاتە سەرووی ملیۆنێک و 900 هەزار تۆن.
عەبدوڵڵا سەعید گوتی: "تەنیا لە قەزای مەخموور زیاتر لە 185 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوە لە رێگەی سیستمی ئاودێرییەوە "مورەشە" ئاو دراون، پێشبینی دەکەین بەرهەمەکەی بگاتە 490 هەزار تۆن گەنم".
ناوەندی قەزای مەخموور بە دووری 65 كیلۆمەتر دەكەوێتە رۆژئاوای پارێزگای هەولێر. لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە. پێکدێت لە ناحیەکانی قەراج، دیبەگە، گوێڕ و مەلاقەرە.
عەبدوڵڵا سەعید دەڵێت: "ساڵی رابردوو هەموو گەنمی مەخموور وەرگیرا، دوای پڕبوونی سایلۆی مەخمووریش 120 بۆ 200 بارهەڵگری گەنم بۆ سایلۆی تەلعەفەر گواسترایەوە".
لە رووی کارگێڕییەوە، هەندێک ناوچەی تێکەڵ هەن لەنێوان پارێزگای نەینەوا و هەرێمی کوردستان. بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی نەینەوا "لیژنەیەکی هاوبەش هەیە بۆ دیاریکردنی ئەو بارهەڵگرانەی کە لەناوچە کارگێڕییە تێکەڵەوەکانی نێوان پارێزگاکانی نەینەوا، هەولێر و دهۆک، دەتوانن گەنم بگوازنەوە".
لیژنە هاوبەشەکە پێکهاتووە لە نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەکی کشتوکاڵ، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا و فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا. عەبدوڵڵا سەعید جەختی لەوەکردەوە، "لیژنەکە لە هەموو بازگەکانی چوونە نێو پارێزگای نەینەوا دەبن، بۆ گواستنەوەی ئەو گەنمەی کە لە نەینەوا تۆمارکراون، جگە لەمە رێگە بە گەنمی دیکە نادرێت".
ئەمڕۆ دووشەممە 13-05-2024 کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردی نەینەوا، قایمقام و بەرپرسانی مەخموور لە سایلۆی قەزاکە بەڕێوەچوو کە تێیدا چۆنیێتیی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ناوچەکە تاوتوێکرا.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دوای کۆبوونەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: ''ئێستا زیاتر لە 130 هەزار تۆن گەنمی ساڵی رابردوو لە سایلۆی مەخمووردا ماوەتەوە، رەزامەندیی بەغدامان وەرگرتووە لەو ماوەیەدا 85 هەزار تۆن گەنمی سایلۆکە بگوازرێتەوە نێوەڕاست و باشووری عێراق.''
شێروان دووبەردانی گوتی، لە دوێنێوە دەست بە گواستنەوەی گەنم کراوە و لەم هەفتەیەدا نزیکەی 85 هەزار تۆنەکە تەواو دەبێت، دواتر بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی کۆی 130 هەزار تۆنەکە بگوازرێتەوە و سایلۆی مەخموور بەتاڵ بکرێت، بۆ ئەوەی جووتیاران بتوانن گەنمەکانیان رادەست بکەن.''
سایلۆی مەخموور، توانای وەرگرتنی 215 هەزار تۆن گەنمی هەیە، بەپێی خشتەی بەرێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای نەینەوا، دەبێ ئەمساڵ سایلۆکە نزیکەی 393 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەربگرێت. ئەو پەرلەمانتارە گوتی: ''لەگەڵ قایمقامی قەزاکە ژوورێکی هاوبەشمان پێکهێناوە و بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و بەرپرسانی مووسڵ لەسەر هێڵین، بۆ ئەوەی گرفتی ساڵانی رابردووی جووتیاران دووبارە نەبنەوە.''
بڕیارە 02-06-2024 دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی مەخموور بکرێت، شێروان دووبەردانی دەڵێت: ''دەبێ جووتیاران بەشێوەیەکی ئاسایی دەست بە پڕۆسەکە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن سەرجەم ئەو 393 هەزار تۆن گەنمە رادەستی سایلۆکە بکەن.''
ساڵانە جیا لە گرفتی وەرنەگرتنی کۆی گەنمی جووتیاران لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بڕێکی زۆر گەنم لە دەرەوەی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دەهێنرێتە سایلۆکان. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: ''بەداخەوە ئەم کێشەیە لە هەموو ناوچەکان دەبینرێت، هەندێک لە جووتیاران پسووڵەی رادەستکردنی گەنمەکەیان بە بازرگانان دەفرۆشنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر کاروباری جووتیاران و پشکی وەرگرتنی گەنمەکانیان دەبێت.''
شێروان دووبەردانی گوتیشی: ''هێشتا گەنم دروێنە نەکراوە کە چی ئەمڕۆ لە دەرەوەی مەخمووریش چەندین بارهەڵگر دەبینرێن کە وەستاون. بە هاوئاهەنگیی بەرپرسانی قەزای مەخموور بەردەوام دەبین لە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.''
بۆ کڕینەوەی هەر تۆنێک گەنمی جووتیاران، حکومەتی عێراق 850 هەزار دیناری داناوە، هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە، عێراق سەرجەم گەنمی جووتیاران بکڕێتەوە. ئەو پەرلەمانتارە گوتی، بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە یەک شێوە بێت و هەر دوو حکومەت پلانێکی هاوشێوەیان هەبێت.
بەپێی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمساڵ عێراق نزیکەی حەوت ملیۆن تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت، کە زۆرترینە لەسەر ئاستی ساڵانی رابردوو و لە مێژووی ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ