عێراق بۆ هاووڵاتییانی لە لیبیا: "لە ماڵەکانتان بمێننەوە"

13-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شەوی رابردوو شەڕ و پێکدادان لە تەڕابلوسی لیبیا روویدا. هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دەڵێت، عێراقییەکانی ئەو وڵاتەیان ئاگادار کردوونەتەوە لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بۆ هەر بارێکی لەناکاویش پەیوەندییان پێوە بکەن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 13ی ئایاری 2025، ئەحمەد سەحاف، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زیاتر لە 2500 هاووڵاتی عێراقی لە لیبیادا نیشتەجێن، ئێمە لە باڵیۆزخانە پەیامی ئاگاداریمان گەیاندووەتە هاووڵاتییانمان و داوامان لێکردوون لە ماڵەکانیان بمێننەوە، لە ئەگەری دروستبوونی هەر مەترسییەکی ئەمنیش، بەزوویی پەیوەندیمان پێوەبکەن و ئاگادارمان بکەنەوە."
 
بە گوتەی هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، "ئاڵۆزییەکان لە پایتەخت دروست ببوون، بەڵام ئێستا دۆخی ئەمنی پایتەخت تاڕادەیەکی زۆر ئارام بووەتەوە. بۆیە پێویست بە گەڕاندنەوەی هیچکام لە هاووڵاتییانمان ناکات."
 
میدیای لیبیا بڵاویکردەوە، شەوی دووشەممە لە چەند ناوچەیەکی تەڕابلوس شەڕ لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی تەرابڵوس و گرووپەکانی شاری میسراتە بوو، کە بە دووری 200 کیلۆمەتر کەوتووەتە رۆژهەڵاتی تەڕابلوس. 
 
وەزارەتی ناوخۆی لیبیا داوای لە "هەموو هاووڵاتیان کرد لە ماڵەکانیان بمێننەوە بۆ سەلامەتیی خۆیان". 
 
بەهۆی شەڕەکەی دوێنێ شەوەوە بەرپرسانی تەڕابلوس و ژمارەیەک ناوچەی دەوروبەری پایتەخت بڕیاری داخستنی قوتابخانەکانیان بۆ رۆژی سێشەممە داوە. نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەو وڵاتە داوای سەقامگیری و دانبەخۆداگرتنی لایەنەکان دەکات. 
 
ساڵی 2011، خۆپێشاندانی لیبیەکان دژی حکومەتی وڵاتەکەیان دەستیپێکرد و پاشان خۆپێشاندانەکە بووە شەڕی ناوخۆ. دوایین پێکدادانی سەختیش لەو وڵاتە ئابی 2023 بوو کە تێیدا لە تەڕابلوس 55 کەس کوژران.
 
باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە تەڕابلوس داوا لە هاووڵاتیانی خۆی دەکات کە لە تەڕابلوسی پایتەختی لیبیا نیشتەجێن، وریای خۆیان بن و لە ماڵەوە بمێننەوە، ئەمەش بە پابەندبوون بە رێنماییە فەرمییەکان و لەپێناو سەلامەتی خۆیان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە