رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتوون. "50 هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ دەبێت."
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کۆنووسی رێککەوتنەکە لەلایەن "23 کەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە کە 17 ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، کۆبوونەوەکان لە 17ـی تەممووز دەستیانپێکردووە و لەو ماوەیەدا سەردانی تەواوی کیڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کراوە.
وەزارەتەکە دەڵێت، دوای هەڵسەنگاندنی کێشە هونەرییەکان، 11ـی ئاب رێککەوتن لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوت کراوە. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، 50 هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ گل دەدرێتەوە و ئەوەی دیکە بەگوێرەی بەرهەمی رۆژانە رادەستی سۆمۆ دەکرێت.
سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەوە ماوە حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی تورکیا قسە بکات و پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت.
رۆژی 17ـی تەممووز حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر نەوت و مووچە رێککەوتن.
رێککەوتنەکە بەمجۆرە بوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە 230 هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بکات، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک 16 دۆلار بداتە کۆمپانیاکان.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە هەمان رۆژدا بڕیاری لەسەر ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان دا، ئەویش لە بەرامبەر رادەستکردنی 120 ملیار داهاتی نانەوتی لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە.
بڕی بەرهەمهێنانی رۆژانە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 130 هەزار بەرمیلە، ئەمەش بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی نەوتی عێراق.
رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەکاتێکدایە، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هێشتا مووچەی مانگی حوزەیرانیان وەرنەگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ