ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بۆ بەربژێرەکان: چاودێریتان دەکەین

13-08-2025
گەشاو خالید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق هۆشداری دەداتە بەربژێرانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دەڵێت، بە وردی چاودێرییان دەکات و هەر بەربژێرێک هانی دووبەرەکی بدات، رەنگە لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دووربخرێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 13-8-2025 ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەم دواییانەدا تێبینی کراوە هەندێک بەربژێر لە چالاکی و کۆبوونەوەکانی بانگەشەی هەڵبژاردندا، زمانێک بەکاردەهێنن کە لە رووی یاساییەوە قبووڵکراو نییە و ناکۆکی لەنێوان رۆڵەکانی یەک وڵاتدا بڵاودەکاتەوە، یان بەدەر لە چوارچێوەی رکابەریی هەڵبژاردن، سووکایەتی بە بەربژێرەکانی دیکە دەکەن، جا چ بە ئەنقەست بێت یان بەبێ مەبەست".
 
ئەنجوومەنەکە هۆشداری داوەتە ئەو بەربژێرانە و رایگەیاندووە: "ئەم رەفتارانە پێچەوانەی دەستوور و یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکانن، ئاماژەیە بۆ ئەگەری بێبەشکردنیان لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن بەپێی یاسا".
 
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوا لە هەموو بەربژێرەکان دەکات، چ وەک کەس یان پارت، خۆیان لەو گوتار و لێدوانانە بەدوور بگرن و رایگەیاندووە: "بەوردی چاودێری دەکرێن و رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتەبەر، کە لێی دەربچێت".
 
 موهەنەد سەڕاج، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بەتۆڕى میدیایی رووداوى  گوت:" تیمى تایبەتمان هەیە بۆ  تۆمارکردنى پێشێلکارییەکان کە سزاکەى دەگاتە ئاستى بێبەشکردنى بەربژێر لە بەشدارى هەڵبژاردن".
 
هەرچەندە بانگەشەی هەڵبژاردن بە فەرمی دەستیپێنەکردووە، بەڵام بەشێک لە بەربژێرەکان لە رێگەی سۆشیاڵمیدیا بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر یەکدی. 
 
بڕیارە 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت، بۆ 329 کورسییەکەی پەرلەمان 854 کەس خۆیان بەربژێر کردووە، کە 76یان بەربژێری تاک و سەربەخۆن. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرکردەکانی سوننە لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی

لایەنە سوننەکان لەسەر دیدگەیان بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێککەوتن

عەزام حەمدانی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پەڕەیە تایبەتە بە پشک و ماف و دیدگەی سوننە لە حکومەتی داهاتووی عێراق. ئەو پەڕەیە لەگەڵ هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی تاوتوێ دەکرێت."