عێراق
پێشوازیی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی UN
رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ شەممە (13ـی کانوونی یەکەمی 2025)، گەیشتە بەغدا. سەردانەکە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی-یە لە عێراق.
فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا پێشوازیی لە ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سەردانەکە بەبۆنەی راگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریکردنی عێراق (یونامی) بوو، دوای چەندین ساڵ لە ئەرکەکانی لە پشتیوانیکردنی پرۆسەی سیاسی و بەهێزکردنی سەقامگیری و پێشکێشکردنی راوێژ و هاوکاری لە بوارە جیاوازەکاندا.
وەزیری دەرەوەی عێراق، لە کاتی پێشوازییەکەدا جەختی لە پێزانینی حکومەتی عێراق بۆ ئەو رۆڵە کردەوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی یونامی لە قۆناخەکانی رابردوودا لە پشتیوانیکردنی عێراقدا گێڕاویانە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆتاییهاتنی ئەرکی نێردەکە رەنگدانەوەی ئەو پێشکەوتن و سەقامگیرییەیە کە بەدی هاتووە و توانای عێراق بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری نیشتمانیی خۆی و بەهێزکردنی سەروەری و دامەزراوە دەستوورییەکانی دەسەلمێنێت."
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانیی رێکخراوەکەیان بۆ عێراق کردەوە لە رێگەی چوارچێوەی هاوکاریی نوێوە کە لەگەڵ قۆناخی داهاتوودا بگونجێت، بە شێوەیەک گەشەپێدانی بەردەوام و هاوبەشیی نێودەوڵەتی بەهێزتر بکات.
یونامی ساڵی 2003 بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دامەزرا و دوای درێژکردنەوەیەکی کۆتایی و لەسەر داوای حکومەتی عێراق، بڕیاردرا لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025 بە فەرمی کۆتایی بە ئەرکەکانی بهێندرێت.
محەممەد حەسان، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و سەرۆکی نێردەی یونامی، ئەمڕۆ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ هەواڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "نێردەی یونامی لەسەر داوای عێراقییەکان هاتە وڵاتەکە و کۆتاییهێنان بە کارەکانیشی هەر لەسەر داوای ئەوان بوو، نەتەوە یەکگرتووەکان رێز لە خواستی ئەو وڵاتانە دەگرێت کە میوانداری دەکەن."
وادەی کۆتایی و شێوازی مانەوە
سەبارەت بە وادەی کۆتایی، حەسان ئاماژەی بەوەکرد: "ئاهەنگی کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی کراوە، بەڵام کۆتاییهاتنی فەرمیی کارەکان لە 31ی کانوونی یەکەمی 2024 دەبێت و دوای ئەو رێککەوتە سەرجەم ئەندامانی نێردەکە عێراق جێدەهێڵن. ئەمە بە واتای کۆتاییهاتنی بوونی نەتەوە یەکگرتووەکان نایەت، بەڵکو لە رێگەی ئاژانسە تایبەتمەندەکانەوە دەمێننەوە و قۆناخی داهاتوو جەختکردنەوە دەبێت لەسەر کاری تەکنیکی لە بوارەکانی کەشوهەوا، تەندروستی، پەروەردە و تەکنەلۆژیا."
دۆسیەی کوێت و مادەی 7
بە گوتەی سەرۆکی یونامی تەنیا 3 دۆسیە ماونەتەوە کە پەیوەستن بە (بێسەروشوێنانی کوێت، موڵک و ماڵی کوێتییەکان و ئەرشیفی نیشتمانیی کوێت).
روونیشی کردەوە: "عێراق لەمێژە لەژێر بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچووە و بووەتە دەوڵەتێکی ئاسایی. ئەو دۆسیانەی ماونەتەوە وەکو دۆسیەی مرۆیی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت."
سزای سەر بانکەکان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەممەد حەسان باسی لە دۆخی ئابووری کرد و گوتی: "عێراق پێویستی بە پشتیوانیی نێودەوڵەتییە. ژمارەی بانکەکان لە عێراق نزیکەی 72 بانکە، بەڵام 38 بانکیان سزایان لەسەرە. هیچ وڵاتێک ناتوانێت دەست بە قۆناخێکی ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوام بکات بەبێ لابردنی ئەو سزایانە، عێراق ئەمڕۆ خواستی راستەقینەی هەیە بۆ کرانەوە بەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا."
مافی ژنان و کەمینەکان
سەبارەت بە دۆخی ژنان و پێکهاتەکان، حەسان ستایشی رۆڵی ژنی عێراقی کرد و بە "بەهێزترین ژنانی جیهان" وەسفی کردن. هەروەها داوای کرد بەپەلە ئاوارەکان، بەتایبەتی منداڵانی کوردی ئێزدی بگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە شنگال و خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ