رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای واست 4 کەس گیانیان لەدەستدا. بەهۆی سەختی رووداوەکەوە دوای بڕینەوەی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان، تەرمەکان دەرهێنراون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نەواس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری هۆبەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، رووداوەکە لەسەر رێگەی پشتێنەی نزیک گوندی مزیبلە لە رۆژهەڵاتی ناحیەی جەسان لە پارێزگای واست لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی جۆری سۆناتای تاکسی و بارهەڵگرێک روویداوە.
لە ئەنجامی رووداوەکەدا، 4 کەسی نێو تاکسییەکە گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری هۆبەی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیى بەرگریى شارستانیى عێراق دەڵێت، بەهۆی سەختی رووداوەکەوە تەرمەکان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا گیربووبوون؛ بۆیە تیمێکی بەرگریی شارستانی بە ئامێری تایبەت ئۆتۆمبێلەکەیان بڕیوەتەوە تاوەکو تەرمەکانیان دەرهێناون و دواتر رەوانەی دادپزیشکی کراون.

هەر لەوبارەوە، رۆژی چوارشەممە 14ی شوباتی 2024، عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی واست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ کاتێک روویداوە کەشوهەوا باران و تەم بووە. چوار گەنجی نێو تاکسییەکە گیانیان لەدەستداوە، تەرمەکانیان رەوانەی دادپزیشکی لە نەخۆشخانەی زەهرا کراون.
فازڵ غەڕاوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژیی مافەکانی مرۆڤ پێیوایە زۆربوونی رووداوەکانی هاتووچۆ دەگەڕێتەوە "بۆ کۆنی رێگە و شەقامەکان بەهۆی نۆژەننەکردنەوەیان و نەبوونی هێماکانی هاتووچۆ و نەبوونی کەرەستە و پێویستییەکانی سەلامەتی، جگە لە پابەندنەبوونی شۆفێران بە سیستمی هاتووچۆ و رێساکانی رۆیشتن، سەرباری خێرایی زۆر و تێپەڕاندنی رێڕەوی خۆیان، لەگەڵ پابەندنەبوون بە هێماکانی هاتووچۆ".
بەپێی ئاماری سەنتەری ستراتیژیی مافەکانی مرۆڤ، ساڵی 2021 لە عێراق هەشت هەزار و 286 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەهۆیانەوە دوو هەزار و 152 کەس گیانیان لەدەستداوە.
لە ساڵی 2022دا 11 هەزار و 523 رووداو روویانداوە و سێ هەزار و 79 کەس بەهۆیانەوە گیانیان لەدەستداوە و هەشت هەزار و 444 کەسیش بریندار بوون. لە ساڵی 2023یش حەوت هەزار رووداوی هاتووچۆ لە عێراق روویانداوە.
هەروەها لە رۆژی 31-12-2023، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە ساڵی 2023ـدا سێ ملیۆن و 500 هەزار سەرپێچیی هاتووچۆ تۆمارکراون، بەو پێیە رۆژانە دەکاتە نۆ هەزار و 589 سەرپێچی، واتە هەر کاژێرێک 399 سەرپێچیی هاتووچۆ کراون و هەر خولەکێک حەوت سەرپێچی روودەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ