رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتەکانی رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی بڵاوکردەوە. یەکێک لە بڕگەکانی دانیشتنەکەی رۆژی یەکشەممە، خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی بوو، ئەمڕۆ شەممە ئەو پڕۆژەیاسایەی لە بەرنامەی کاری خۆیدا لابرد.
ئەمڕۆ هەینی، 14ـی شوباتی 2025، پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنی بۆ رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی بڵاوکردەوە. لەو دوو رۆژەدا دەنگدان و خوێندنەوە بۆ 12 پڕۆژە و پێشنیازەیاسا دەکرێت.
بڕگەکانی دانیشتنی رۆژی یەکشەممە بریتیین لە دەنگدان بە پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای هاوتاکردنی بڕوانامە و پلە زانستییەکانی عەرەبی و بیانی ژمارە 20ـی ساڵی 2020؛ دەنگدان بە بڕیاری راسپاردنی وەزارەتی پەروەردە بۆ کارکردنەوە بە سیستمی هەوڵدانەوە؛ راپۆرتی لیژنەی پەرلەمانیی کاتی بۆ چاودێریکردنی پاراستنی موڵکەکانی دەوڵەت؛ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی یاسای لێخۆشبوون لە هەڵگرتنی پاسپۆرتی دیپلۆماسی و خزمەتگوزاری لەنێوان حکومەتی عێراق و قوبرس؛ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری دووەمی یاسای موختارەکان.
لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەشدا دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای سەندیکای پرۆگرامسازانی عێراق؛ خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای رەزامەندی عێراق لەسەر رێککەوتنی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی نیشتەجێکردن؛ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای یەکێتی نەخۆشخانە تایبەتەکانی عێراق؛ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی یاسای پاڵپشتی لە رێککەوتنی یەکێتی ئابووری لەنێوان وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی؛ پڕۆژەیاسای بەشداربوونی کۆماری عێراق لە رێککەوتنی هەمواری یاسای رێککەوتننامەی پاراستنی مادی لە مادە ئەتۆمییەکان و خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەستە نیشتمانییەکانی چاودێری ئەتۆمی، تیشکدانەوە، کیمیایی و بایۆلۆجی.
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی هەستیار و گرنگە، چونکە پەیوەندی راستەوخۆی بە سەرجەم پێکهاتە و نەتەوەکانی عێراق و پارێزگاکانەوە هەیە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. لە زۆرینەی خولەکانی رابردووی پەرلەماندا ئەو پڕۆژەیاسایە خوێندنەوەی بۆکراوە، بەڵام تێنەپەڕێندراوە. لەم خولەشدا کە چەند مانگێک تەمەنی ماوە، ئاسان نییە بتوانرێت تێپەڕێندرێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "بوونی ئەو ئەنجوومەنە وەک پایەیەکی سەرەکی سیستمی فیدراڵی بۆ عێراق گرنگ و پێویستە، بەڵام رێککەوتن لەسەری کارێکی قورس و زەحمەتە و تاوەکو ئێستا هیچ خواستێکی ئەوتۆ بۆ ئەو کارە نییە."
لە دەستووری هەمیشەیی عێراق لە چەند مادەیەکدا باس لە پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی کراوە. بەگوێرەی ماددەی 48ـی دەستوور، دەسەڵاتی یاسادانانی فیدراڵی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدراڵی پێکدێت. لە مادەی 65ـیشدا باس لە چۆنییەتی پێکهێنانی ئەنجوومەنەکە دەکات کە تێیدا هاتووە، ئەندامانی ئەنجوومەنی فیدراڵی لە نوێنەری هەرێمەکان، پارێزگا و حكومهتی فیدراڵی پێکدێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ