فالح فەیاز بۆ باڵیۆزی تورکیا: دەستوەردانی دەرەکی رەتدەکەینەوە

14-02-2026
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، پەیامێکی ناڕەزایەتی لەبارەی لێدوانەکەی هاکان فیدان گەیاندە ئەنقەرە و دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێت: فەیاز جەختی لەسەر "پاراستنی سەروەریی عێراق و رەتکردنەوەی دەستوەردانی دەرەکی" کردووەتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی دەستەی حەشدی شەعبی، رۆژی شەممە 14ی شوباتی 2026، فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەگەڵ ئەنیل بورا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا باس لە "بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنی کرا بە جۆرێک کە ئاسایشی هەردوو وڵات بپارێزێت."
 
لە راگەیێندراوەکەی حەشدی شەعبی هاتووە کە فالح فەیاز لە کۆبوونەوەکەدا، "باسی لە پێویستی پابەندبوون بە نەریتە دیپلۆماسییەکان کردووە، بەتایبەتی دوای لێدوانەکانی ئەم دواییەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و هەموو دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری عێراق رەتکردووەتەوە."
 
لێدوانەکەی هاکان فیدان چی بوو؟
 
ئەم گرژییە دیپلۆماسییەی نێوان بەغدا و ئەنقەرە دوای ئەوە هات کە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە 9ی شوباتدا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاندبوو، "دوای کۆتاییهاتنی قۆناخی سووریا، ئێستا نۆرەی عێراقە بۆ ئەوەی بڕیاری پێویست لەبارەی پەکەکەوە بدات."
 
فیدان ئاماژەی بەوەش کردبوو، تەنیا دوو بۆ سێ رۆژی پێویستە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی شنگال و گوتبووی: "لە داهاتوویەکی نزیکدا گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا (شنگال، مەخموور و قەندیل) روودەدات."
 
ئەم لێدوانانە بەغدای نیگەران کرد و لە 11ی ئەم مانگە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی تورکیای بانگهێشت کرد و ناڕەزایەتیی عێراقی پێگەیاند و قسەکانی هاکان فیدانی بە "بەزاندنی نەریتە دیپلۆماسییەکان" و "دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ" وەسفکرد.
 
تورکیا: قسەکانمان شێوێندراون
 
لە بەرامبەر ناڕەزایەتییەکانی عێراق، رۆژی 11ی ئەم مانگە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە رێگەی ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتەکەوە رایگەیاند، لێدوانەکانی هاکان فیدان لەلایەن هەندێک میدیای عێراقییەوە "شێوێندراون".
 
کەچەلی جەختی لەوە کردەوە، مەبەستی وەزیری دەرەوە تەنیا راکێشانی سەرنج بووە بۆ "ئەو مەترسییانەی پەکەکە لە شنگال و مەخموور بۆ سەر ئاسایشی عێراق" دروستیان دەکات و گوتیشی، "ئێمە پشتگیری لە یەکپارچەیی خاک و سەروەریی عێراق دەکەین، بەڵام سوورین لەسەر لەناوبردنی پەکەکە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوتی عێراق

وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رووداو: بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق کەمی کردووە

گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەبەوەدەکات، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق دابەزیووە، ئێستا رۆژانە نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت.