رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ''بە تووندی'' هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر نێردە دیپلۆماسی و کۆنسوڵخانەکان لەسەر خاکی وڵاتەکەی رەت دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکان کردووە.
رۆژی شەممە، 14ی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "حکومەتی عێراق پابەندە بە دابینکردنی ئاسایش و سەلامەتیی سەرجەم نێردە دیپلۆماسی و کۆنسوڵخانەکان و کارمەندەکانیان، بەجۆرێک کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتننامەکاندا بگونجێت."
سەبارەت بە رێکارەکان بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکان، وەزارەتی دەرەوە ئاشکرای کرد، لەسەر راسپاردە و فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کردووە لەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیش بۆ لایەنە باڵاکان بەرز دەکرێتەوە بۆ گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی لەوەش کردەوە کە حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان "بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە کارە تووندوتیژییەکان ناکەن" و بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی باڵەخانە دیپلۆماسییەکان.
ئەم بەیاننامەیەی وەزارەتی دەرەوە دوای ئەوە دێت لەدوای 28ی شوبات و دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، گرووپەکانی نێو بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەردەوام بە درۆن و مووشەک هێرش دەکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کونسوڵخانە و بارەگا دیپلۆماسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ