رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی لە عێراق، رادەستکردنەوەی دوو تۆمەتباری بە وڵاتەکانیان راگەیاند، ئەوەش دوای ئەوەی "سەلمێنرا کە پەیوەندییان بە رێکخراوی داعشەوە نەبووە." رووداو زانیویەتی ئەو چەکدارانە لەنێو ئەو کۆمەڵە چەکدارەی داعش بوون کە لە سووریاوە گوازرانەوە بۆ عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، دوو تۆمەتباری رادەستی دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکانیان کردووەتەوە، کە یەکێکیان هەرزەکارێکی فینلاندی و ئەوی دیکەشیان هاووڵاتییەکی ئەمریکاییە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پڕۆسەی رادەستکردنەوەی ئەو دوو کەسە دوای ئەوە هاتووە کە لە لێکۆڵینەوەکاندا "سەلمێنراوە هیچ پەیوەندییەکیان بە تاقمە تیرۆریستییەکانی داعشەوە نەبووە."
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی بەوەش کردووە، رادەستکردنەوەکە دوای تەواوبوونی هەموو رێکارە یاسایی و دادوەرییەکان بووە و، "لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی و هەوڵە بەردەوامەکانی عێراقدایە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی دەستگیرکراوانی پەیوەندیدار بە تیرۆر."
رووداو لە رێگەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە پشتڕاستی کردەوە کە ئەو دوو کەسە، لەنێو ئەو ژمارە چەکدارەی پێشووی داعش بوون کە ئەمساڵ لە گرتووخانەکانی سووریاوە گوازرانەوە بۆ عێراق.
لە 21ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی ئەو دەستگیرکراوانەی داعشی لە سووریاوە بۆ نێو خاکی عێراق دەستپێکرد کە ژمارەیان پێنج هەزار و 704 دەستگیرکراوبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ