وەزارەتی ناوخۆی عێراق: زیاتر لە 4 ملیۆن زیارەتکاری بیانی بەشداریی چلەی ئیمام حوسێنیان کرد

14-08-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئاماری کۆتاییهاتنی زیارەتکارانی بیانی بۆ بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن راگەیاند، کە زیاتر لە چوار ملیۆن کەس بووە. وەزارەتی ناوخۆی ئێرانیش دەڵێت، سێ ملیۆن و 300 هەزار زیارەتکاری ئێرانی چوونەتە عێراق.
 
عەقید عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 14ـی ئابی 2025 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "عێراق پێشوازیی لە چوار ملیۆن و 100 هەزار زیارەتکار لە شاندە بیانییەکان کردووە بۆ بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینیدا."
 
بەگوێرەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆ، ئەو زیارەتکارانە لە 140 رەگەزنامەی جیاوازەوە هاتوونەتە عێراق.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە چلەی ئیمام حوسێنە، حکومەتی عێراق کردوویەتییە پشووی فەرمی. 
 
عەمید ئەحمەد رەزا، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئێران ئێوارەی دوێنێ بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، لە ماوەی رێوڕەسمی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێندا، سێ ملیۆن و 300 هەزار زیارەتکاری ئێرانی چوونەتە عێراق و تاوەکو ئێستا 75٪یان گەڕاونەتەوە وڵات.
 
حوسێن کوڕی عەلی، کچەزای محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پەیامبەری ئیسلام (د.خ)، سێیەمین ئیمامی شیعەکانە. ساڵانە لە یادی چلەی ماتەمینییەکەیدا شیعەکانی جیهان بۆ بەشداریکردن لەو رێوڕەسمانەی لە کەربەلا بەڕێوەدەچن، روو لە عێراق دەکەن. 
 
بەگوێرەى حوسێنییەی سەر بە دیوانى وەقفى شیعەى عێراق، پار ژمارەى ئەو زیارەتکارانەى بۆ چلەى ئیمام حوسێن چوونە کەربەلا 21 ملیۆن و 480 هەزار و 525 کەس بوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە