دەستەى دەستپاکیى عێراق بەرپرسێکى پێشووى پارێزگای نەینەوا بانگهێشتی دادگە دەکات

14-09-2022
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، فەرمانى بانگهێشتکردنى عەبدولقادر شنگالى، جێگرى پێشووى پارێزگارى نەینەوا بۆ بەردەم دادگە دەرکراوە، بەتۆمەتى ئەوەى بەشداربووە لە واژۆکردنى گرێبەستێک لەگەڵ دوو نەخۆشخانەى ئەهلی دهۆک و هەولێر بۆ چارەسەرکردنى چەند نەخۆشێک؛ بەڵام ئەو بەرپرسە کوردە دەڵێت، چووەتە بەردەم دادگە و بێتاوانى خۆى سەلماندووە.
 
رۆژی چوارشەممە 14ى ئەیلوولى 2022، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگەى لێکۆڵینەوەى نەینەوا بڕیاریداوە جێگرى پێشووى پارێزگارى نەینەوا بانگهێشتى دادگە بکات بەتۆمەتى ئەوەى لەگەڵ پارێزگارى پێشووى شارەکە گرێبەستى لەگەڵ دوو نەخۆشخانەى ئەهلی لە پارێزگاى دهۆک و هەولێر واژۆ کردووە بۆ چارەسەرى ئەو نەخۆشانەى کە چارەسەریان قورسە.
 
لەوبارەیەوە، عەبدولقادر شنگالى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەمڕۆ من چوومە بەردەم دادگە و بەڵگەکانم پێشکێشکردن کە من بەشدار نەبووم لە واژۆکردنى گرێبەستەکە و ئەو گرێبەستە لەلایەن پارێزگارەوە واژۆ کراوە و من لە دۆسیەکە دەرچووم و پیێانگوتم کە پرسەکە پەیوەندیى بە تۆوە نەماوە."  
 
بەگوێرەى کۆپییەکى گرێبەستەکە کە عەبدولقادر شنگالى بۆ رووداوى ناردووە، مۆرى پارێزگارى پێشوو، هەروەها ناوى هەشت بەرپرسی پارێزگاى لەسەرە کە واژۆیان لەسەرى کردووە. هەرچەندە ناوی عەبدولقادر شنگالی لەسەر گرێبەستەکە هەیە، بەڵام واژۆی ئەوی لەسەر نییە. 

 

 
رۆژی 24ى ئادارى 2019، پەرلەمانى عێراق نەوفەل عاگوب، پارێزگارى نەینەوا و هەردوو جێگرەکەى لە پۆستەکانیان دوورخستەوە، لە دوای سێ رۆژ لە نقومبوونى کەڵەکەکەى سەر رووبارى دیجلە لە سنوورى ئەو پارێزگایە، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 90 کەس گیانیان لەدەستدا.
 
زوهێر ئەعرەجى، قایمقامى پێشووى نەینەوا کە ئەوکات پۆستەکەى بەدەستەوە بووە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو دۆسیەیە پەیوەندارە بە نەوفەل عاگوب، پارێزگارى پێشووى نەینەوا و ئەو گرێبەستە لە 2017 واژۆ کراوە و تاوەکو 2018 بەردەوام بووە، پارەکەى لە بودجەى قەرزى تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەى شارەکە خەرجکراوە." 
 
زوهێر ئەعرەجى ئاماژەى بەوەش دا، هەر نەخۆشێک لە سنوورى نەینەوا راپۆرتى پزیشکى ببردایە بۆ پارێزگا و سەلماندبای کە نەخۆشییەکەى لەوێ چارەسەرناکرێت، رەوانەى دوو نەخۆشخانە ئەهلییەکەى هەرێمى کوردستان دەکران و تێچووى چارەسەرەکەیان بۆ خەرج دەکرا.
 
لە دواى ساڵى 2017 کە نەینەوا لە دەستى داعش رزگارکرا، زۆربەى نەخۆشخانەکانى خاپووربوون و خزمەتگوزارى تەندروستى بە کەمی بەردەستبوو، نەخۆشەکانی ئەو پارێزگایە ناچار دەبوون بۆ چارەسەر روو لە پارێزگاکانى دیکە بکەن. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێشەکە لەسەر دادگاییکردنی کارمەندێکی دژەتیرۆری عێراق دروستبووە.

دادگاییکردنێک کێشە دەخاتە نێوان دژە تیرۆری عێراق و سەندیکای پارێزەران

لەسەر رێکارەکانی دادگاییکردنی کارمەندێکی دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە دادگەی سەربازی، کێشە دەکەوێتە نێوان ئەو دەزگایە و سەندیکای پارێزەرانی عێراق و لە دوو رۆژدا سێ راگەیێنراو و روونکردنەوە لەبارەی ئەو کێشەیە دەردەکەن.