رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی بابل ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، لە دۆخێکی دەگمەندا پزیشکانی نەخۆشخانەی گشتیی شوملی پارێزگاکە ددانی منداڵێکی تازە لەدایکبوویان دەرهێنا، چونکە رێگر بوو لەوەی بتوانێ شیری دایکی بخوات.
تەندروستیی بابل دەڵێ، تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕ بە سەرپەرشتیی دکتۆر زیاد هەزاع، پزیشکی ددان، نەشتەرگەرییەکەیان بۆ منداڵەکە کرد و بە سەرکەوتوویی ددانەکەیان دەرهێنا.
دکتۆر زیاد هەزاع بە رووداوی گوت: "منداڵەکە تەنیا دوو کاژێر بوو، کوڕ بوو و بەهۆی بوونی ئەو ددانەوە نەیدەتوانی شیری دایکی بخوات؛ بۆیە بڕیاری نەشتەرگەری درا."
دکتۆر زیاد هەزاع گوتی: "نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو. ئێستا رەوشی تەندروستیی منداڵەکە جێگیرە و هیچ کێشەیەکی نییە."
بە گوتەی دکتۆر زیاد، ئەم جۆرە دۆخانە دەگمەنن و پێویستیان بە کاری پزیشکیی وردە بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی منداڵ و گوتیشی: "لە 10 ساڵی کاری پزیشکیمدا ئەمە دووەم دۆخە بیبینم، بەڵام جاری پێشوو منداڵەکە دوو ددانی هەبوو".
دکتۆر زیاد هەزاع دەڵێ: "زۆرجار مانەوەی ددانەکە مەترسییە بۆ سەر ژیانی منداڵەکە نەوەک ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆی. بەهۆی ئەوەی ددانی لەدایکبوون رەگی بەپێی پێویست گەشەی نەکردووە، ئەگەری کەوتنی زۆرە، ئەمەش وادەکات منداڵەکە قووتی بدات و زیان بە بۆریی هەوا و سییەکانی بگەیێنێت."
ددانی لەدایکبوون، دۆخێکی دەگمەنە و لەنێوان هەر 2000 بۆ 3000 منداڵی تازەلەدایکبوو، یەکێکیان ددانی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ