رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێ، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ پشتگیریکردن لە بەرهەمی نێوخۆیی، نزیکەی 85%ی مادەکانی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان لە نێوخۆ دابین دەکرێن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رێگری لە هاوردەکردنی بەرهەمی کوالێتی نزم دەکرێت.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 14-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "حکومەت کار لەسەر پشتگیریکردنی پیشەسازیی نیشتمانی دەکات و پێناسی گومرگی بە تووندی لەسەر کاڵا بیانییەکان جێبەجێ دەکات، بۆ ئەوەی بەرهەمی خۆماڵی بتوانێ کێبڕکێ بکات و شوێنی خۆی لە بازاڕدا بکاتەوە."
بە گوتەی محەممەد حەنوون، ستراتیژی ئاسایشی خۆراکی حکومەت بووەتەهۆی ئەوەی لە 4 ساڵی رابردوودا عێراق تووشی کەمیی خۆراک نەبێ و نرخی مادە خۆراکییەکان جێگیر بێت.
محەممەد حەنوون گوتیشی، "حکومەت گرنگی بە پشتگیریکردنی خواردن، بەتایبەتی گەنم و جۆ، هەروەها رۆن و شەکر دەدات بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕ و بەشەخۆراکی مانگانە."
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتەکەی لە رێگەی پاڵپشتیی کارگەکان، دابینکردنی کۆگای پێویست و یارمەتیدانی هەناردەکارانەوە لە بەهێزکردنی بەرهەمی خۆماڵی بەردەوامە.
کۆمپانیای یەکێتی بۆ پیشەسازییە خۆراکییەکانی عێراق توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی 3200 تۆن رۆنی رووەکی هەیە.
کارگەی پاڵاوتنی شەکری سەر بە کۆمپانیای یەکێتیی پیشەسازییە خۆراکییەکانیش لە پارێزگای بابل، یەکێکە لە گەورەترین کارگەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی 6,000 تۆنە.
ئەو بەشەخۆراکەی دابەش دەکرێ، جگە لە ئارد، بۆ هەر کەسێک بریتییە لە شەکر، برنج، رۆنی شل، لەتکە نۆک و نیسک.
پێش گۆڕینی فۆرمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، بەڵام بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، 294 هەزار و 432 هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی، بەشەخۆراکیان بڕدراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ