رووداو دیجیتاڵ
موقتهدا سهدر دەڵێت، هۆکاری سیاسی له پشت بڵاوبوونهوهی مادهی هۆشبهره و کەسانێک لەنێو حکومەت لێی سوودمەند دەبن. سوودانیش کار بۆ کردنەوەی بارەگای هەرێمیی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مادەی هۆشبەر و تاوان لە بەغدا دەکات.
موقتهدا سهدر، رێبهری رهوتی نیشتمانیی شیعهکان، لە وەڵامی پرسیاری لایەنگرێکی سەبارەت بە مادەی هۆشبەر لە عێراق دەڵێت: "کێشەی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان و بڵاوبوونەوەی لە عێراق، هۆکارەکەی سوودمەندبوونی کەسانێکە لەنێو حکومەت و دەرەوەی، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە جگە لە هۆکاری ئابووری، هۆکاری سیاسیش لە پشت ئەو کارەوە هەیە."
شەوی رابردوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەراوێزی 61ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ غادە والی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مادەی هۆشبەر و تاوان 'UNDOC' کۆبووەوە.
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە دەستپێکردنی رێکارەکان کردووە بۆ کردنەوەی بارەگای هەرێمیی نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مادەی هۆشبەر و تاوان لە بەغدا.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە دەروونییەکانی عێراق، لە ساڵی 2024 شەش تۆن و 183 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە و 14 هەزار و 438 کەسیش بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
هەر ئەو ساڵە، 144 بازرگانی نێودەوڵەتی سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە؛ 454 بازرگانی نێوخۆییش سزای زیندانی تا هەتاییان بۆ دەرچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ